شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

شەقامەكانى دەروازەی چۆمان ڕێکدەخرێنەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەگوژمەی زیاتر لە یازدە ملیۆن دینار، شەقامەکانی دەروازەی چۆمان ڕێکدەخرێنەوە و ڕێکخستنەوەی شەقامەکەش بۆ جوانکردن و چاککردنەوەی شوێنە تێکچووەکانە بۆ ئەوەی گرفتی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان درووست نەبێت.

موخلیس ناوەندی سەرۆكی شارەوانی چۆمان، ڕایگەیاند: وەك سەرۆكایەتی شارەوانی چۆمان، لە دەروازەی شارەكە لە سنوری شارەوانیمان هەستاوین بە ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێكخستنەوەی شەقامەكە بە ئامانجی جوان كردن و دروستكردنی ئاوەڕۆ و چارەسەركردنی شوێنە تێكچووەكان و كۆنكرێتكردنی شۆڵدەری شەقامی گشتی و ڕێكخستنەوەی پیادەڕۆی هاووڵاتییان و پڕكردنەوەی چاڵەكانی شەقامەكە كە گرفتی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست كردبوو چارەسەر دەبێت.
زیاتر ئاماژەی پێدا: كارەكانی ئەو پڕۆژەیە بە گوژمەی یازدە ملیۆن و شەسەد هەزار دینار، بە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سۆران، لەسەر پێشینەی سەرۆكایەتی شارەوانی چۆمان ئەنجام دەدرێت.
جێگای ئاماژەیە پێشووتر لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سۆران دەست كرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستكردنی جۆگەی ئاوەڕۆ و كۆنكریتكردنی شەقامەكان و دیواری ڕاگر لە گەڕەكی كۆسرەتان سەر بە قەزای چۆمان گوژمەی پڕۆژەكە پێنجسەد ملیۆن دینار بوو لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە سەرپەرشتیی شارەوانیی چۆمان جێبەجێ‌ کرا.