بارەگای بارزانی بڵاویکردووتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر سڵاو و ڕێزی وەزیری دەرەوەی تورکیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوار جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئاڵۆگۆڕ کرا و کونسوڵی تورکیا ئەو سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسفکرد.
هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای باسکردنی هۆکارەکانی سەردانی هەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا، دووپاتکردەوە کە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ لە چوارچێوی دەستوور باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
هاوکات سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی نوێی تورکیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا. هەروا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری دیکەی دیداری سەرۆک بارزانی و کونسوڵی نوێی تورکیا بوو.