بەکر کەریم حەسەن *
(مەحمود دەروێش) شاعیری بە ناوبانگی فەلەستینی دەڵێ” ژیان فێری خۆشەویستیت دەكات، ئەزموونەكان فێرت دەكەن كێت خۆش بوێت، هەڵوێستەكانیش فێرت دەكەن كێ تۆی خۆشدەوێ”. بێگومان مرۆڤ لە سەرجەم وێستگەكانی ژیانی ئاسایی و كرداریدا رووبەڕووی گرفت و كێشە و هەوراز و نشێو و ڕاستی و نوواندن و نمایش کردن دەبێتەوە بە پێی كاری كەسەكان و سرووشتیان. مرۆڤ گەلێك هەن فرچكیان گرتووە بەوەی زمان شیرین و دڵ تاڵ بن و هەر خەریكی نوواندن و كات بەرێكردن و خۆگونجاندنی كاتی و بەدەستهێنانی هەست و سۆزی بەرامبەرەكەیان بن تا ئەوكاتەی خۆی دەیەوێت به تایبەت لە ئیش و كاری فەرمی و بەرژەوەندی، بۆیە گرنگە مرۆڤ هەمیشە بە ئاگا و وشیار بێت لە قسە و گوفتاری كەسە نزیكەكانی بازنەی كاركردن و بەرژەوەندیدا . لە بیرمان نەچێت كەسانێك پسپۆڕ وشارەزان لە تەماشاكردنی ڕووخسارەكان و دەرخستنی ناخیان، لە بەرامبەریشدا كەسانی تریش هه ن پسپۆڕو شارەزاترن لە هەڵخەلەتاندنی بەرامبەرەكانیان بە قسەی باق و بریقەدار. دەگێڕنەوە ” پیاوێك و هاوسەرەكەی چوونە باخچەی ئاژەڵان، مەیموونێكیان بینی كە بە سۆزەوە یاری لەگەڵ مێینەكەی دەكرد و كەشێكی خۆشەویستی و ڕۆمانسی دروست كردبوو، ژنەكە بە پیاوەكەی گووت چ ئاژەلێكی ڕۆمانسی و بە سۆزە، دوای ئەوە شێرێكی نێر و مێینەكەیان بینی كە لە دووری یەكتر دانیشتبوون، شێرە نێرەكە زۆر بە هێمنی لە گۆشەیەك دانیشتبوو لە دووری شێرە مێینەكە وەك ئەوەی هیچ شێری مێینە لەو شوێنە نییە، ژنەكە ئەو دیمەنەی بینی بە پیاوەكەی گووت چ دیمەنێكی خەمناك و بێ هەست و بێ خۆشەویست و وشكە، لە وەڵامدا پیاوەكە بە ژنەكەی گووت ئەو دەبە ئاوەی دەستت فرێ بدە بۆ سەر شێرە مێینەكە و سەیر بكە بزانە چی ڕوودەدات، لەو كاتەدا كە دەبە ئاوەكەی فرێدا سەر شێرە مێینەكە، شێرە نێرەكە هاوارێكی كرد و نەڕاندی بۆ بەرگری كردن لە شێرە مێینەكە و پاڕاستنی، دواتر پیاوەكە بە ژنەكەی گووت هەمان كردار دووبارە بكەوە لەگەڵ مەیمونە مێینەكە ئەوجارە پیاوەكە دەبە ئاوەكەی خۆی دا ژنەكە و گووتی” فرێدە سەر مەیمونە مێینەكە لەو ساتەدا مەیمونە نێرەكە بازیدا و هەڵات چووە سەر لوورتكەی دارەكە و مەیمونە مێینەكەی بەجێ هێشت و بەرگری لێ نەكرد، هەر لەوێ پیاوەكە بە ژنەكەی گووت بەو شتانە هەڵمەخەلەتێ كە لە ڕووكەشدایە و بە خۆشەویستی دەڕیدەبڕن. زۆرجاران ئەو دەربڕینانە تەنها ڕوالەتێكی فریودەرانەیە و بەس بۆ كاتێك یان چەند كاتێك كە كەسەكەی پێ فریودەدەن یانیش بۆ فریودانی كەسانی تر تا بتوانێت ئەو خاڵی بوونەی دڵیان لە خۆشەویستی و سۆز و رق بشارنەوە، بەو هەستە ساختانە خەڵك هەڵبخەلەتێنن لە بەرامبەردا كەسانێك هەن لە سەر رێگایەكی جیاواز و زۆر ئارام و بێ دەنگن، بەڵام دڵیان پڕە لە خۆشەویستی پاك و غیرە و سۆز و ئازایەتی و هەستەكانیان دەپارێزن، لە قولایی دڵیان دوور لە ساختەیی و پیاهەڵدان و نمایش كردن. لە ئێستا زۆر كەس دەمامكی فریودەر بە كاردەهێنن، بەڵام ژمارەی ئەو كەسانەی كە خۆشەویستی نەگۆڕی و پاكی و هەڵوێستی شێریان هەیە هەمیشە شوێن ئەو شتانەن ده كەون و دوور لە نوواندن و نمایش كردن و هەڵخەلەتاندن. هەزارەها قسە و وتەی جوان و بانگەشەی نموونەیی، لە بەرامبەر یەك هەڵوێستی بەرجەستە كراو لە ناخ و ڕەوشت و هەڵسوكەوتە كردارییەكان بێ نرخە كە هەموو ڕێگا دوور و درێژ و تەم و مژاوییەكان كورت دەكاتەوە،هەڵوێستەكان ڕاستییەكان نیشان دەدات بەبێ ڕەتوش كردن و جوانكاری و هەڵخەلەتاندن، بۆیە یەك هەڵوێست بەسە بۆ هەزاران وشە و دەربڕینی بێ ناوەڕۆك و بێ گیان.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی