دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ تێچووی زیادتر له‌ حه‌وت ملیار دینار، ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردنی ڕێگای دۆڵی بالیسان و به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ چوار ملیار دینار پۆندی بنه‌سڵاوه‌ دروست ده‌كرێت، هاوكات به‌ تێچووی زیادتر له‌ دوو ملیار دینار به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌ داره‌توو داندرا.

پۆندی بنەسڵاوە
له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌كانی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بۆ پاراستنی سامانی ئاو، گوژمه‌ی نزیكه‌ی چوار ملیار دیناری بۆ دروستكردنی پۆندی بنه‌سڵاوه‌ ته‌رخانكردووه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین پۆنده‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان.
پۆندی بنه‌سڵاوه، كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاودێری هه‌ولێر بنیات ده‌نرێت، درێژییه‌كه‌ی سێ سه‌د و شه‌ست مه‌تره‌ و به‌رزییه‌كه‌ی حه‌ڤده‌ مه‌تره‌، به‌ ته‌واوبوونی توانای كۆكردنه‌وه‌ی سێ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی بارانی و كانیاوه‌كانی هه‌یه‌.
پۆندی بنه‌سڵاوه‌ كه‌ سودی زۆری بۆ ئاودێری و ئاوی ژێر زه‌وی و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو و كشتوكاڵ و گه‌شتیاری هه‌یه‌، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واو ببێت و بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
قیڕتاوکردنی ڕێگای بالیسان
جیا له‌وه‌ و له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان، له‌ سنووری ناحیه‌ی بالیسانی سه‌ر به‌ قه‌زای شه‌قڵاوه‌، به‌ گوژمه‌ی حه‌وت ملیار و شه‌ش سه‌د و نه‌وه‌ت و هه‌شت ملیۆن و پێنج سه‌د و شه‌ست و دوو هه‌زار دینار، ده‌سكرا به‌ قیرتاوكردنی ڕێگای بالیسان له‌ سێڕیانی زینه‌تیر تا شكارته‌.
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی پڕۆژه‌كه‌، كه‌ بیست و سێ و نیو كیلۆمه‌تره‌، بریتییه‌ له‌ هه‌ڵگرتنی هه‌موو ڕێگه‌كه‌ و ڕاخستنی پێنج چین له‌ تێكه‌ڵه‌ و ڕاخستنی دوو چین له‌ به‌ردی شكاو پاشان فه‌ڕشكردنه‌وه‌ی به‌ هه‌ردوو چینی قیر له‌ جۆری ستابلایزه‌ر و باینده‌ر.
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ته‌واوكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، خزمه‌تێكی زۆر پێشكه‌ش ده‌كات، به‌وه‌ی ئه‌م ڕێگه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌كانی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی.
شەقامی ٣٠ مەتری دارەتوو
هاوكات ٨ ی ته‌موز، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و شاندی یاوه‌ریان، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و فراوانكردن و دروستكردنی شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌ گه‌ڕه‌كی داره‌تووی هه‌ولێر دانا.
پڕۆژه‌كه‌ خۆی له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و فراوانكردن و بنیاتنانی شه‌قامێكی سی مه‌تری به‌ درێژایی سێ كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ گه‌ڕه‌كی ژین وبه‌ گوندی باغه‌مره‌فه‌ندی ده‌به‌ستێته‌وه‌.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ تێچووی دوو ملیار و چوار سه‌د و بیست و دوو ملیۆن و سێ سه‌د و چل و یه‌ك هه‌زار دینار جێبه‌جێده‌كرێت و ماوه‌ی ته‌واوبوونی دوو سه‌د و حه‌فتا ڕۆژه‌.
ساسان عه‌ونی له‌ ڕێوه‌ڕه‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، ئه‌م پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌كان بۆ خزمه‌تی دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی داره‌توو و گه‌ڕه‌كی ژین و گوندی باغمره‌فه‌ندی و گرفتی كۆبوونه‌وه‌ی ئاو ناهێڵێت و ئاسانكاری هاتوچۆش فه‌راهه‌م ده‌كات.
له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیشدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر گوتی، “ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ و پلانه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ پشتیوانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان له‌ گه‌یاندنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بین”.