چەند پڕۆژەیەک لە مەزنێ جێبەجێ دەکرێن

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

چەند پڕۆژەیەک لە مەزنێ لە قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ دەکرێن، کە چەند كۆڵانێك لە سنووری شارەوانی قیڕتاو دەكرێن، لەگەڵ دروستكردنی پردی دێرانە، بەوەش ئەمساڵ ٪٧٠ی كۆڵانەكان قیڕتاو دەكرێن.

ئەندازیار مەنسور عومەر میرخان، سەرۆكی شارەوانی مەزنێ، ڕایگەیاند: وەکو شارەوانی مەزنێ هەوڵدەدەین خزمەتگوزارییەكان بگەیەنینە هەموو ئەو شوێنانەی كەم و كوڕیان هەیە و هەروەها ئەو كۆڵانانەی كە قیڕتاو نەكراون یاخود تێكەلەڕێژ كراون ئەوانەش قیڕتاو دەكەین و بە گشتی بۆ ئەمساڵ نزیكەی ٪٧٠ی كۆڵانەكان قیڕتاو دەكرێن.
گوتیشی: هەروەها ئەو شەقامانەی كە دەستمان پێكردوون لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبن، لەگەڵ پردی دێرانە كە بە گۆژمەی شەشسەد و دوازدە ملیۆن دینارە و كەمتر لە دوو مانگ تەواوی دەكەین، هەروەها ناو سەنتەری ناحیەش بەشێك لە گوژمەكەی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكوومەت و بەشێكیش لەرێگەی بەڵێندەرایەتیەوە تەرخانكراوە و كۆی گشتی پارەكەی دەكاتە نزیكەی شەش سەد و پەنجا ملیۆن دینار.
جێگای ئاماژەیە پێشتر لەپێناو چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەك گوندی ناحیەی مەزنێ‌ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، دەست كرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە و هەر لە درێژەی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەست كرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە بۆ هەشت گوندی سنووری مەزنێ، کە پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی شەش سەد و شەست ملیۆن جێبەجێ کرا، بە تەواوكردنی پڕۆژەكە تا ڕادەیەكی باش كێشە و گرفتی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی ئەم گوندانە چارەسەر کرا.

ھەواڵی زیاتر