ئەمەریکا پشتیوانیی نۆژەنکردنەوەی گەرماوی قەڵای هەلێر و دروستکردنی ناوەندێکی پێدانی زانیاریی مێژوویی بە منداڵان دەکات

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، پشتیوانی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی گەرماوی قەڵای هەولێر و دروستکردنی ناوەندێکی پێدانی زانیاریی مێژوویی بە منداڵان پێشکەش دەکەن.

سێشەممە 9ـی تەممووزی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، بەم دواییانە ئەیمی گرەیەر جێگری بەڕێوەبەری بەشی کاروباری گشتیی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، سەردانی هەولێری کردووە بۆ بینینی کەلەپووری نایابی هەرێمی کوردستان و ئاشنابوونی زیاتر بەو ڕێکخراوە جیاوازانەی لە هەولێر کاردەکەن و پاڵپشتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان هەیە لە ڕێی بەخشینە داراییەکان.

کونسوڵخانەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە میانەی ئەم سەردانەدا، ئەیمی سەردانی قەڵای مێژوویی هەولێری کرد و زانیاری دەربارەی پاڵپشتیی دارایی بۆ قەڵا لە ڕێی پڕۆژەی یەک ملیۆن و 250 هەزار دۆلاریی بۆ نۆژەنکردنەوەی گەرماوی کەلەپوریی قەڵاکە و دروستکردنی ناوەندێکی پێدانی زانیاریی مێژوویی بە منداڵان وەرگرت، دەشڵێت، ئەیمی سەردانی پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی کەلەپووری دێرین کرد کە پەیمانگایەکی ڕاهێنانە و لە لایەن حکوومەتی ئەمریکییەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و ناوەندێکە بۆ شوێنەوارناسان و شارەزایانی بواری کەلەپوور، کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شوێنەوارانەی داعش تێکیشکاندن بۆ دۆخی پێشتری خۆیان، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەیمی سەردانی تاقیگەیی تەکنەلۆجیای زانیاریی سیسکۆ (CISCO IT)ی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد کە یەکێکە لەو سێ تاقیگەیەی بە پاڵپشتیی داریی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دروستکراون بۆ نەوەی داهاتوو لە پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆجیای زانیاری، بەشێکی دیکەی سەردانەکەی ئەیمی، گۆشەی ئەمەریکی بوو لە زانکۆی کوردستان هەولێر و تیایدا چاوی بە ژمارەیەک لە سودمەندبووانی بەخشینە داراییەکانی حکومەتی ئەمریکا کەوت کە کار لە بوارەکانی تواناپێدانی ژنان و گەشەپێدانی ئابووری و ئازادیی میدیا دەکەن.

ھەواڵی زیاتر