هێمن سەید موراد: دوو هەزارتۆن بنەتۆ لە جووتیاران دەکڕینەوە

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکرای دەکات، بۆ پشتگیری کردن لە جووتیاران بۆ ئەوەی کشتوکاڵی زیاتر و قازانجی زیاتر بکەن، دوو هەزار تۆن بنەتۆ لە جووتیاران دەکڕنەوە و دووبارە پاش خاوێن کردنەوە و بژار کردن، بە نرخی هاندان بە جووتیارانی دەفرۆشنەوە بۆ ئەوەی بنەتۆ زیاتر و کشتوکاڵ فراوانتر بێت.

سێشەممە 9ـی تەممووزی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پلان هەیە

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 7 هەزار، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێریش دوو هەزار تۆن بنەتۆ لە جووتیاران بکڕدرێنەوە، دەڵێت، ئەو بنەتۆیانە دوای ئەوەی خاوێن دەکرێنەوە و بژار دەکرێن، بەشەکەی کە لەبار و گونجاون جیا دەکرێتەوە و ئامادە دەکرێت و دابەشی سەر جووتیاران دەکرێتەوە بە نرخی هاندان و لە نرخی بازاڕ کەمتر وەک پشتیوانییەک بۆ جووتیاران، ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی دادێ جارێکی دیکە بنەتۆی لە جووتیاران دەکڕنەوە، بۆ ئەوەی بنەتۆکان لە زۆربوون و فراوان بووندا بن.

هێمن سەید موراد دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر دووەم ڕۆژە دەستی بە پرۆسەی کڕینەوەی بنەتۆ لە جووتیاران کردووە، بەردەوامیش دەبن تاکوو دوو هەزار تۆنەکەی سنووری پارێزگای هەولێر دەکڕنەوە، لەگەڵ ئەوەی حەوت هەزار تۆن بنە تۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە جووتیاران دەکڕدرێت.

27ـی حوزەیرانی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو جۆرە گەنمانەی کە زۆر باون لە کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر دەچێنرێن، بریتین لە هەولێر دوو، هەولێر چوار، کۆیە چوار و کۆیە 18، ئەوانە زیاتر دەگونجێن بۆ کردنە ئارد.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، “ئەو جۆرە گەنمەی کە زۆر دەگونجێت بۆ ساوار، هەولێر سێیە کارگەکانی بەرهەمێنانی ساوار زیاتر پشت بەو جۆرە بنە تۆیە دەبەستن، بەڵام جۆری هەولێر چوار،  ئەمساڵ سەرەڕای گۆرانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی چەند نەخۆشییەکی دانەوێڵە، گەنمی هەولێر چوار بەرگرییەکی باشی هەبوو، کەمتر تووشی نەخۆشی بوو، بەدوور بوو لە ژەنگ، پەڵەی ڕەش و ئەوانەی کە دەبنە گرفت لە وەرگرتنیان لە لایەن سایلۆکانەوە”.

دەشڵێت: “بەرهەمی گەنمی هەولێر دوو، هەولێر چوار، ئەمساڵ زۆر سەرکەوتوو بوو، کۆیە چوار و کۆیە 18 لە ڕووی بڕشتەوە بەرهەمێکی باشی هەبوو، ڕێژەیەکی کەمیش ئاوی دەویست، واتە بەڕێژەیەکی کەم ئاو یاخود باران، ئەو جۆرە بنەتۆیانە بەرهەمیان دەبێت، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئاو و بارانی کەم دەبێت، ئێمە وەکو خۆمان ئەزموونمان لەسەر ئەو جۆرە بنەتۆیانە هەیە کە بەرگەی کەشوهەوای گەرم دەگرن. بەرهەمەکان هەمەچەشنن خواست لەسەر ئەو جۆرە بەرهەمانە هەیە”

ھەواڵی زیاتر