ژووری بازرگانی هەولێر و ڕێکخراوی توسیادی تورکیا یاداشتی لێکگەیشتن ئیمزا دەکەن

سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، پێشوازیمان لە شاندی ڕێکخراوی توسیادی تورکیا کردووە و بەم نزیکانە یاداشتی لێکگەیشتنی پرۆتۆکۆڵی لە نێوان هەردوولادا ئیمزا دەکرێت.

سێشەممە، 9ـی تەمموزی 2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ شاندی ڕێکخراوی توسیادی تورکیا گفتوگۆمان دەربارەی ئاڵوگۆری بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە کردووە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی دەڵێت، “لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ڕێکخراوی توسیاد کە ڕێکخراوێکی گرنگ و کاریگەرە لە ئابووری تورکیا، یاداشتی لێکگەیشتنی پرۆتۆکۆڵی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیمزا دەکرێت”.

هەروەها دەشڵێت: “سوپاسی ئەو ڕێکخراوە دەکەین بۆ ئەو بانگهێشت کردنی ژووری بازرگانی هەولێر تاکو بەشداری بکەین لە چالاکییەکانی شاری مێرسین، ئەدەنە و ئیزمیر لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەو ڕێگەشەوە ئێمە بتوانین کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ژوورە بازرگانیانەی تورکیا بکەین و پەیوەندییەکانمان ئەپ دێت و فراوانتر بکەین”.

گەیلانی حاجی سەعید ئاماژەی بەوەش دا، کە “شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ 16 بازرگان هاتوون بۆ کوردستان، ئێمە وەکو ژووری بازرگانی لای خۆمانەوە پێشوازیمان لێ کردوون و گفتوگۆشمان لەگەڵیان کردووە، لەبواری پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی، هەروەها داواشمان لێکردوون کە بەشداربن لە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان”.

ڕاشیگەیاند، “ئێمە لای خۆمانە هەموو ڕێنمایی و ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەکان دەکەین و هەموو کاتێکیش دەرگای ژووری بازرگانی و پیشەسازی  کراوەیە بۆ شاند و بازرگانانیان، بۆ ئەوەی هەردوولا سوودمەند بین بۆ ئابووری هەردوو وڵات و بازرگانان و پیشەوەرانیش”.

ھەواڵی زیاتر