کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وادەی خۆ تۆمارکردنی درێژکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی خۆ تۆمارکردنی بۆ هاوپەیمانی، حزب، پاڵێوراو و پێکهاتەکان درێژکردەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کردووە کە بۆ ئەو هاوپەیمانی، حزب، پاڵێوراوانی تاکەکەس و پاڵێوراوانی پێکهاتەکان کە ئارەزوومەندن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2024ی پەرلەمانی کوردستان-عێراقدا بکەن ئەوا خۆ تۆمارکردن تا ڕۆژی دووشەممە 15ی تەممووزی 2024 بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر خۆ تۆمارکردن لە ٤ی تەمووز کۆتایی هاتبوو، بەڵام جارێکی دیکە ئەو وادەیە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەتی و حزب و پاڵێوراوان بتوانن خۆیان تۆمار بکەن.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی26 ی حوزەیرانی 2024، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وادەی بەڕێوەچوونی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی بۆ 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیارییکرد.

هاوکات دوێنێ دووشەممە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی ھەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە و ڕاگەیاند کە 3 ملیۆن و 789 ھەزار و360 دەنگدەر ھەیە و ڕاشیگەیاند کە لەو ژمارەیە تا ئەمڕۆ 2 ملیۆن و 901 هەزار و80 کەس کارتی بایۆمەتری دەرهێناوە.

ھەواڵی زیاتر