کۆچەکەی پێغەمبەر؛ پەند و وانەکانی

عومەر چنگیانی

بەدەر لەوەی وەک نەریتێکی ساڵانەی مسڵمانانە کە لە سەروبەندی بڕانەوەی ساڵ و، داهاتنی سەرەتای ساڵی نوێی کۆچیدا باسوخواسیان چڕ دەبێتەوە لەو بابەتانەدا کە زۆرێکی گوتنەوە و لاساییەکی زۆرە و، کەم وا ڕێک دەکەوێت هەڵوەستە بکەن بە دیار وردەکاری و وانەی گرنگەوە؛ هەینی ڕابردوو، بە گوێرەی بڕیاڕی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، یەکێک لە هەڵبژاردەکانی بەردەم مامۆستایان، باسکردن بوو لە کۆچی دوایین پێغەمبەری خوا محەمەد، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، لە شاری مەکەوە بۆ شارۆچکەی یەسریبی پێشان و مەدینەی پاشان و، و پەند و ئامۆژگاریەکانی؛ ئێمەیش بابەتەکەمان کردە توێشووی گوتاری ٢٥١ـەمینمان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبراوە، لە ٢٩ی زولحیجەی ١٤٤٥ بەرانبەر بە ٥ـی تەمووزی ٢٠٢٤ کە ئەو ڕۆژە خۆی دەیکردە ٣١٨ـەمین جومعەی گیرسانەوەمان لەو مزگەوتەدا.
بەڵێ هەردوو گوتارەکەمان تایبەت کرد بە کوڵەوێسیانێکی بە دیار چلەمین ئایەتی سوورەتی (تەوبە، بەرائە)وە، كە خوا گیان ڕووی گوتاری دەکاتە مەکەییەکانی ئەو کات کە لەباتی پشتیوانی لە پەیامگەیێنەکە، لێی بووبوونە نەیار، ئینجا پێیان دەفەرمێ:
“گەر ئێوەیش پشتی نەگرن، خوا پشتی دەگرێ؛ وەکچۆن لەو ڕۆژەیشدا بوو بە پشتیوانی کە بێبڕوایان وەدەریان نابوو؛ ئەو کاتەی وا بە خۆی و هاوڕێکەیەوە، دووانی چووبوونە ئەشکەوتەکەوە و، دڵی هاوڕێکەی خۆی دەدایەوە و دەیگوت: خەمت نەبێ، خوامان لەگەڵدایە؛ ئیتر خوا دڵئارامی و بارانی ئۆقرەی پرژاندە دڵیدا و بە سەربازیەلێک پشتیوانیی لێ کرد کە ئێوە نەتاندەبینین و، خواست و ویست و حەز و وشە و ئاخاوتن و قسەی بێبڕوایانی بە نووچدان و فەوتاندا برد و، پەیامی ئەڵڵای بەسەر خست.”
بەڵێ بەڕێزان!
هەر گەل و نەتەوەیەک مێژویەکی هەیە؛ ئەگەر لەم مێژووەی داببڕێنیت، نامێنی و، دژمن بەرەو هەڵدێری دەبا؛ مێژووی ئێمەی مسڵمان لەسەر دەستی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب، خوای لێ ڕازی، تۆمار کرا؛ سەرەتای كۆچی یارانی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، کە لە مانگی محەڕەمدا، لە مەکەوە کۆچیان کرد بەرەو مەدینە، بە سەرەتای ئەم مێژوە دانرا.
کۆچی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، کۆچێکی ناوازە بوو؛ بووە هۆی گۆڕینی بنەمای بانگەواز لەگەڵ خەڵکیدا؛ بوو بە خاڵی وەرچەرخان؛ کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی قورەیش بوو؛ سەرەتای دەسەڵاتی مسڵمانان بوو، بۆ بڵاوبونەوەی بانگەواز لە مەکەوە بۆ مەدینە و، دوایی بۆ هەموو جیهان، ئەوە بوو گۆڕانکاریەکانی ئەم هیجرەتە مبارەکە هاتنە پێش.
هۆکارەکانی کۆچ
یەکەم/ خەڵکی مەکە گوێیان لە حەنای بانگەوازەکە پێغەمبەری خوا، کەڕ داگەڕابوو، پشتیان لە پێغەمبەر هەڵکردبوو.
دووم/ مسڵمانان تەنگیان پێ هەڵچنرابوو؛ قورەیش ژیانیان لێیان تاڵ کردبوو؛ بێباوەڕان بە پلانێکی دڕندانەی داڕێژراو، دەستیان لەگەڵ یەک تێکەڵ کردبوو بۆ کوشتنی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر.
سێیەم/ شایستەیی ئەهلی مەدینە بۆ دینی ئیسلام: مسڵمانان ناویان لە ئەهلی مەدینە نابوو ئەنسار؛ لەبەر ئەوەی هاتن بە دەم پێغەمبەرەوە دروود و سڵاوی خوای لەسەر و، پشتیوانییان لێی کرد و بە دەم بانگەوازەکەیەوە چوون و سەریان خست؛ پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، هەرگیز چاکەیانی لەبیر نەدەکرد و دۆعا و ئیستیغفار و داوای لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ دەکردن.
لایەک لە پەند و وانەکانی کوچکردن
کۆچی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، لە مەکەوە بۆ مەدینە پەند و وانەی زۆری تێدایە؛ لەوانە:
یەکەم/ نەدڵساردی و بێئومێدنەکەوتن و خۆبەدەستەوەنەدان؛ هەوڵی چەندبارە بۆ سەرخستنی ئیسلام.
دووهەم/ گەڕان بە دوای فیترەپاکاندا بۆ هەڵگرتنی دین؛ دوورکەوتنەوە لەوانەی دینسواژ و شەڕاشۆ و دژەدینن. دینسواژ واتە ئەو کەسەی دژایەتیی دین دەکا.
سێهەم/ پاراستنی سەر و گیانی مسڵمانان.
چوارەم/ کرانەوەی دەرگای بانگەواز بە ڕووی مسڵمانان و ئیسلامدا.

ھەواڵی زیاتر