حکوومەتی عێراق هاوکاری پرۆژە گەشتیارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ماوەی چەند ڕۆژێکە پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو ھەڵکشاون، ئەمەش دوای ھۆشداریی پسپۆڕانی کەشناسی دێت لە گەیشتنی شەپۆلێکی بە تینی گەرما، ھاووڵاتییان بە شێوازی جیاجیا ھەوڵی خۆ فێنککردنەوە دەدەن بۆ دوورکەوتنەوە و ڕزگاربوون لە گەرمای بەتین، بۆ ئەو مەبەستە زۆرێک لە ھاووڵاتییان ڕوو دەکەنە مەلەوانگە و چەم و ڕووبارەکان. بەرگریی شارستانی ھەرێم ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییان و گەشتیاران.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وایکردووە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جووڵەیان تێبکەوێتەوە، لەسەر لێواری ڕووبارەکان بە ھەزاران کەپری گەشتیاری دروست کراون، ئەوەش وای کردووە ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیار ڕووی تێ بکەن، ئەوەش دەرفەتی کاری بۆ سەدان کەس ڕەخساندووە. بەھۆی بوونی ڕووبار و سروشتە جوانەکەی ئیدارەی سۆران بۆتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی ھەرێم ڕایگەیاندووە، بەھۆی ھاتنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی خنکان لە چەم و ڕووبارەکان، پێویستە ھاووڵاتییان پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن، نابێت بە ھیچ شێوەیەک ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ یاخود لە دەشتودەر و و گۆڕستان و باخ و بێستانەکان بەر بدەن، نابێت لە کاتی گەشت و سەیران ئاگر لە دەشت و چیا و شوێنی گشتی بکرێتەوە، کە قەبارەی ئاگرەکە گەورە بێت یان پاشماوەی ئاگر بەجێ بھێڵین، چونکە بەھۆی با ئەو ئاگرە بڵاو دەبێتەوە، فڕێنەدانی جگەرە و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلە، بەکارنەھێنانی یاریی ئاگرین لە کاتی سەیران، بەتایبەتی لە لایەن منداڵانەوە نیشانەدانەنان و تەقەنەکردن بە چەکی ئاگرین، بە تایبەت لە دەشتەکان، فڕێنەدانی بتڵی شوشە و دەبەی ئەو پاشماوە یاخود ماددە سوتێنەرەکان، وەک گاز و بەنزین و نەوت و ئەو ماددە جەلییانەی بۆ گەشانەوەی خەڵووز بەکاردێت، شۆفێری دەڕاسە نابێت لەناو دەغل و پاوان دەڕاسەکەی چاک بکات یان لەحیم و کۆسەرە بەکار بھێنێت، یاخود ئاگر بکاتەوە بە مەبەستی خواردن دروست کردن.
باس لەوەش کراوە، نابێت ئەوانەی دەچنە نزیک چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەکان، مەلە بکەن یان ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن مەلە بکەن، ئاگاداری ئەو منداڵانە بن کە خاوەنپێداویستیی تایبەتن، یان نەخۆشیی ئۆتیزمیان ھەیە، نزیک نەکەونەوە لە ئاوی چەم و ڕووبارەکان.
لە کۆتایی ڕێنوێنییەکاندا ھاتووە، گەشتیاری بیانی و خوارووی عێراق دەبێت ئاگاداری ئەو شوێنانە بن کە گەشتی بۆ دەکەن، یان سەردانی دەکەن، تاکو توشی ھەڵدێران و خنکان نەبن، چونکە ئاوی کوردستان ساردە ھەر چەندە مەلەوانیش بن، بەھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنکانیان.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە وەرزی ھاویندا بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ھاووڵاتییان و گەشتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو دەکەنە چەم و ڕووبارەکان، بە مەبەستی مەلەکردن و خۆ فێنککردنەوەیان، ئەمە لە کاتێکدایە ھەندێک لە ڕووبارەکان جێی مەترسین، تەنانەت لە زۆر شوێن تابلۆی ھۆشیارکردنەوە دانراوە، لەگەڵ ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام پەیامی ھۆشیارکردنەوە بە گەشتیاران و ھاووڵاتییان دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر گەشتیاران و ھاووڵاتییان ھۆشیار بن و بۆ مەلەکردن ڕوو لەو ڕووبار و شوێنانە نەکەن، کە بۆ مەلەوانی ناشێن و جێی مەترسین، کە تەنیا ئەمسالڕ زیاتر لە بیست کەس لە چەم و ڕووبارەکانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی مەلەکردن خنکاون.
بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، زۆرترین گەشتیار کە دێنە ھەرێمی کوردستان، گەشتیاری شارەکانی دیکەی عێراقن. لە ھەرێمی کوردستان بە سەدان کۆمپانیای گەشتیاری ھەن، ھەریەکەیان لەڕێگەی جیاواز و پەیوەندیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق، گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ کوردستان دێنن، کەرتی گەشتیاری بووەتە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە جۆرێک ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و سێ سەد ملیۆن کەس گەشت دەکەن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری وەردەگرن.
بەرزی پلەکانی گەرما و ڕۆژانی پشوو ئاماری ھاتنی گەشتیارانی زیاتر کردووە لە ھەندێک کاتدا ڕێگەوبانەکان پەکیان دەکەوێت و ناوچە گەشتیارییەکان پڕ دەبن لە گەشتیاران، ڕۆژانە نزیکەی دە ھەزار گەشتیار ڕوو لە ڕووبار و ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران دەکەن، جگە لەوەی لە ڕۆژانی ھەینی ڕێژەی گەشتیاران بەرز دەبێتەوە.لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام خزمەتگوزاری لەبواری ڕێگەوبان و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی ھاتووچۆ و ژینگە و بەرگری شارستانی بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکەن.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: نزیکەی ھەزار کەپری گەشتیاری لە سنوورەکە ھەن، ئەو کەپرە گەشتیارانە نزیکەی دە ھەزار گەشتیار لە خۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەشڵێ: بە دەیان شوێنی گەشتیاری جوان و سەرنج ڕاکێش لە سنوورەکە ھەن، لە داھاتوودا چەند شوێنێکی دیکەش دروست دەکرێن، ئەوانەش ھۆکارێکی باش دەبن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ئاماژەی بەوەشکرد: لە ڕۆژانی پشووی جەژندا، نزیکەی سەد و سی ھەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە گەشتیارییەکانیان کرد بوو، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر