نه‌خۆشى شیزۆفرینیا

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

شیزۆفرینیا بە یەکێک لە ترسناكترین نەخۆشییە ژیرییەكان دادەندرێت، کە تاکوو ئێستا هۆكارەكانی توشبوونی نەزانراوە، وە تێبینی ئەوەش کراوە کە زیاتر تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە لە قۆناغی گەنجی وهەرزەکاری دان.

دکتۆر عادل کەریم، باسی ئەو نەخۆشییە دەکات و دەڵێ: شیزۆفرینیا یەكێكە لە نەخۆشییە عەقڵیەكان و هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگا تووشی دەبن كە جاری واهەیە بە یەكجار و كتوپڕ نیشانەكانی دەردەكەوێت و دوای ماوەیەك ئیتر بۆ هەتا هەتایە دەرناكەونەوە، بەڵام لەلای زۆربەی كەس كە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئەوا بە زۆری دووبارە دەبێتەوە و تا چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بەردەوام وەك نەخۆشی شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێن دووبارە و چەندبارە دەبنەوە. ئەگەری ئەوە هەیە كە هەموو كەس تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت واتە تایبەت نییە بە تەمەن و چین و توێژەوە، بەڵام بەزۆری لە قۆناغی هەرزەكاری بەدواوە مرۆڤ تووشیان دەبێت و نیشانەكانی دەردەكەوێت. منداڵیش تووشی شیزۆفرینیا دەبێت، بەڵام زۆر بەكەمی ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەدا یەكی هەموو كۆمەڵگایەك تووشی ئەم نەخۆشییە ببن.
ئەو دکتۆرە باسی جۆر و هۆکارەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا دەکات و دەڵێ: جۆرەکانی وەکوو، هیبیفرینیا، بەتەختەبوون، سادە، شیزۆفرینیای دەروونی.
هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا وەکوو، ئەوکەسەی زیاتر توشی شیزۆفرینیا دەبێت کە باوك یان دایك یان خوشك و برا، پێشتر تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت، ئەگەرەکەی لە ٪٥٠ بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە لای ئەو كەسانەی كە دووانەن و ئەگەرەکە زیاترە کە یەکێکیان تووشی ئەو نەخۆشییە ببێت. کیمیای مێشک ، کاتێک هاوسەنگی دەمارە گوێزەرەوەکان لەمێشکدا تێکدەچێت ئەوکاتە نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیای تێدا بەدیار دەکەوێت، کەسی توشبوو گوێبیستی هەندێک دەگ و دیمەن دەبینێت کە کەسانی چواردەوری نایبینن و گوێبیستی نابن هەر بۆیە هەندێک بیڕو باوەڕی نامامەنتیقیان بەرامبەر کەسەکە لا دروستدەبێت. كەم و كورتی لە بوونیاد و پێكهاتەی مێشك، هەندێك لە دەرئەنجامی توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كاتێك پشكنینیان بۆ هەندێك كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا كردووە، دەركەوتووە كە كەم و كورتیان لە هەندێك بەشی مێشكیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك كەسی تریش تووشی ئەو نەخۆشییە بوون کە هیچ كەم و كورتیەك لە مێشكیاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرئەنجامی هەندێك پشكنینی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەمان كەم و كورتی لە هەمان بەشی مێشك خاوەنەكانیانی تووشی نەخۆشی دەروونی تر كردووە نەك نەخۆشی شیزۆفرینیا، ئەمەش مەرج نییە هەموو كاتێك ئەو كەم و كورتییانە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا بكات. لە دەرئەنجامی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری پزیشكی دەروونی بەریتانی لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوكرایەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر هۆكاری یارمەتیدەر نییە بەڵكوو هۆكارێكی گرنگ و سەرەكییە بۆ تووشبوون بە شیزۆفرینیا.
ئەو دکتۆرە باس لە نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا و چارەسەرییەکانی دەکات و دەڵێ: شیزۆفرینیا بۆیەکەم جار لەلایەن (زانا بلویلر) دۆزراوەتەوە وپێی وابووە كە نەخۆشی شیزۆفرینیا لە چەند حاڵەتێكدا خۆی دەبینێتەوە و وەك نەخۆشیی ژیری و دەروونیەكانی تر یەك حاڵەتی نییە و چوار نیشانەی سەرەكی بۆ ناسینەوە و دیاریكردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا دیاری کردووە. گۆشەگیری، خۆ خواردنەوە، سووڕانەوە بە چوار دەوری خۆیدا، دوورە پەرێزی و دووركەوتنەوە لە كەسانی چواردەور، نقووم بوون لە جیهانی خەو و خەیاڵ حەزکردن بەخەوتن، هەروەها جووت هەستی واتە نەخۆش دوو هەست و بۆچوونی جیاواز و دژیەكی بەرانبەر یەك بابەت یان یەك كەسی دیاری كراو لەلا دروست دەبێت، تێكچوونی باری سۆز و هەڵچوونی و گۆڕینی مەزاج و تووش بوون بەو حاڵەتەی هەردەمەی لەسەر مەزاجێکبێت. بەشێوەیەكی گشتی ئەم تێكچوونەی پڕۆسەی بیركردنەوەیە بە زۆر شێواز دەردەكەوێت نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا جۆراوجۆرن و زیاتر لە نیشانەیەکی هەیە، و لە توويشبوویەک بۆ توشبوویەکی تریش نیشانەکان دەگۆرێن و جیاوازن. یەکێک لە گرنگترین نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا ئەوەیە كە كەسی نەخۆش ناتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر سەرقاڵی یەك جۆر بیركردنەوە بێت، بەڵكوو هەر دوای ماوەیەكی كەم بۆ بابەتێكی تر بیرکردنەوەی دەگۆرێت. چارەسەر بۆ نەخۆشی شیزۆفرینیا وەکوو، دژە سایکۆتیکەکان لە ڕێگەی کەم کردنەوەی دەمارە ڕاگەیاندنی دۆپامین لە نێوەندە گرێکاندا، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە، و دەکرێن بە دووکۆمەڵەی کۆن و نوێ. هەردوو کۆمەڵەکە بەکاردێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە بە ڕەچاوکردنی تەمەن، کێش، قەڵەوی، ونی نەخۆشی جەستەیی، و چەند هۆکارێکی تری پەیوه ست بە دۆخی نەخۆش، بەڵام بە گشتی کۆمەڵە نوێیەکە پەسەندترە لە بەر کاریگەری لە بەرامبەر هەردوو نیشانە ئەرێنی و نەرێنیەکان، و هەروەها بوونی زیانی لاوەکی کەمتر. دژەکۆلینێرجیک ئەم کۆمەڵەیە بەکاردێت لە کاتی پێویست لە ئەگەری دەرکەوتنی زیانی لاوەکی دژەسایکۆتیکەکان.

ھەواڵی زیاتر