لە چوار ساڵی ڕابردوودا چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەچوارچێوەی پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بە درێژایی دوازدە کیلۆمەتر و حەوت سەد مەتر بەگوژمەی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار قیڕتاو دەکرێت.

یەکێک لە کەرتە گرنگەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بواری ڕێگەوبان بووە، لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا پڕۆژەیەکی زۆری ڕێگەوبان جێبەجێ کراون، بەپێی ئامارەکان چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگەوبانی جۆراوجۆر کە لە پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک پێک دێن جێبەجێ کراون، ھەروەھا ھەزار و دوو سەد و نەوەد و پێنج کیلۆمەتر ڕێگەی تازە لە ھەرێمی کوردستان تەواو کراوە و خراوەتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.
پڕۆژەی قیڕتاوکردنی ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بە سێ قۆناغە و قۆناغی یەکەم بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر و نیوە، دواتر قۆناغی دووەم و سێیەم دەست پێ دەکات و لە ماوەی پەنجا ڕۆژدا ڕێگەکە بە تەواوەتی قیڕتاو دەکرێت و دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران و شۆفێران کە بە سنوورەکەدا ھاتووچۆ دەکەن.
ھەرێمی کوردستان و تورکیا ئێستا لەڕێگەی ھەر سێ دەروازە سنوورییەکانی ئیبراھیم خەلیل، سەرزێڕ و زێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەکەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانە زیاتر لە دوازدە ملیار دۆلارە، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، یەکەم دەروازەیە پارێزگای ھەولێر و پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە قۆناغی یەکەمدا، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەڕووی گەشتیاراندا کراوەتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت.
دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە ١٠ی مانگی پێنجی ساڵی ڕابڕدوو بە فەرمی کرایەوە، بەھۆی کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاوەدانییەکی زۆر ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئەمەش بۆتە ھۆی بووژانەوەی ئابووری ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەی سەدان ھەلی کاری ڕەخساندووە و ڕۆژانە زیاتر لە دوو ھەزار گەشتیار بەو دەروازەیەدا ھاتووچۆ دەکەن.
فرەیدون فواد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی مەلامستەفا بارزانی، لەژێر چاودێری قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت قیڕتاو دەکرێت، ڕێگەکە بەدرێژایی دوازدە کیلۆمەتر و حەوت سەد مەترە و گوژمەکەشی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارە.
بێجگە لە جموجۆڵی گەشتیاری، ئەو دەروازەیە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کار ئاسانییەکی زۆر باشی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان کردووە. بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، گوتی: قیڕتاوکردنی ڕێگەکە کارئاسانییەکی زۆر باش بۆ ھەر دوو قەزای مێرگەسۆر و قەزای ڕووبارۆک دەکات، پێش کردنەوەی ئەو دەروازەیە خەڵکەکەی ناچار بوون ١٢ کاتژمێر ڕێگەکە ببڕن، بەڵام ئێستا کەمتر لە کاتژمێرێک دەتوانن ھاتووچۆ بکەن، ئەگەر قیڕتاوکردنی ڕێگەکە تەواو بێت، ھاووڵاتییان لەو ماوەیە کەمتریش دەتوانن ھاتووچۆ بکەن و بگەنە شوێنی مەبەست.

ھەواڵی زیاتر