سلێمان تاشان – ههولێر
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرەنجامی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی جەژنی ڕابردووی قوربانی ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە هەزاران خێزان و ئازیز سوودمەند بوون، ڕێکخراوەکە بە وردی وێڕای خستنەڕووی ئاماری سوودمەندبووان و جۆری سوودەکە، ناوی هەموو ئەو کەس و ڕێکخراو و کۆمپانیایانەی ڕۆڵیان هەبووە لە بەخشین و دابینکردنی یارمەتییەکان لە لیستێکدا بڵاو کردەوە.
دەزگاکە وەک نەریتێکی ساڵانە لە جەژنی قورباندا ژماریەک پڕۆژەی مرۆیی جێبەجێ دەکات بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییان و لێقەوماوان و ئاوارە و پەنابەران و ئازیزان و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت. پڕۆژە جێبەجێکراوەکان بریتین لە پڕۆژەی قوربانی، هاوکاری نەختینەیی، ئازیزانی کوردستان و ئیماراتی، کڕینی جلو بەرگی جەژن بۆ ئازیزان، دابەشکردنی پارسێلی خۆراک و سەرجەم ئەو پڕۆژانەش لە جەژنی ڕابردوودا جێبەجێ کراون.
پڕۆژەکان بە هاوبەشیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مانگی سووری ئیماراتی و خێرخوازانی کوردستان جێبەجێ کراوە و بەهۆیەوە یازدە هەزار و پێنجسەد و حەفتاو چوار هەزار خێزان و پازدە هەزار و هەشتسەد و سێ ئازیز سوودمەند بوون و کۆی بودجەی ئەو پڕۆژانەش بریتی بووە لە چوار ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار و دە دۆلاری ئەمەریکی.
یەکێک لە پڕۆژەکان بە ناوی پڕۆژەی قوربانییە و خێرخوازانی کوردستان ڕۆڵیان تێدا هەبووە و بە کۆکردنەوەی سێسەد و شازدە ملیۆن و سەد و چل و دوو هەزار و پێنجسەد دینار یارمەتیی نۆ هەزار و پێنجسەد و نۆ خێزانیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کەرکووک و گەرمیان داوە.
دووەم پڕۆژە بریتی بووە لە پڕۆژەی ئازیزان و لەم پڕۆژەیەدا دەوڵەتی ئیمارات و خێرخوازانی کوردستان ڕۆڵیان بینیوە و توانیویانە چوار ملیۆن و پێنجسەد و حەفتا و پێنج هەزار و سەد و چل و پێنج دۆلار بودجە دابین بکەن و بەو هەنگاوە سوود بە پازدە هەزار و دووسەد و چل و پێنج ئازیز بگەیەنن. جگە لە پارێزگاکانی کوردستان، پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، بەغدا و شارەکانی تکریت و شنگال و عەفرینیش لەم یارمەتییانە سوودمەند بوون.
پڕۆژەیەکی تری دەزگاکە بریتییە لە هاوکاری نەختینەیی و لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەشدا پێنجسەد خێزان سوودمەند بوون و لایەنی خێرخوازیش کەسێک بوو بە ناوی خالید خۆشناو کە سەد هەزار دۆلاری بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان کردبوو و هەر خێزانێک بڕی دووسەد دۆلاری پێ بەخشرا.
پڕۆژەی پارسێلی خۆراک یەکێکی ترە لە پڕۆژەکان و هەزار و پێنجسەد و شەست و پێنج خێزان لەم پڕۆژەیەدا سوودمەند بوون و بڕی سی و شەش ملیۆن و حەتسەد و حەفتا و پێنج هەزار دیناری بۆ تەرخان کرا کە لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کەسایەتییەکی خێرخواز دابین کرابوو.
دواین پڕۆژە کە پارەکەی لە لایەن مانگی سووری ئیماراتی دابین کرابوو بریتی بوو لە پڕۆژەی کڕینی جل و بەرگ بۆ ئازیزان و بە گشتی پێنجسەد و هەشتا و هەشت ئازیز سوودمەند بوون و بیست و سێ ملیۆن و دووسەد و شەش هەزار و حەوتسەد و پەنجا دینار بە جلوبەرگ درا و هەر ئازیزێک چل هەزار دیناری بۆ خەرج کرا.
دەزگای خێرخوازی بارزانی دەزگایەکی خێرخوازیی قازانجنەویستی ناحکومی ناسیاسییە و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ژێر دروشمی وتەیەکی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە کە دەڵێت ” شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت.”
دامەزراوەکە لە دە سێکتەری جیاوازدا کار دەکات بە مەبەستی خزمەتکردنی ئاوارە، پەنابەر و خەڵکی خۆجێیی هەرێمی کوردستان و خەڵکی وڵاتانی تر و بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و کۆمسیاریای پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیدارەی سی کەمپی پەنابەران دەکات و لە چالاکییەکانی بەردەوامە.