ئاسایش و ئارامی پێویستیی گشتییە و سەقامگیربوونی ئەرکی هەمووانە

نەسرەدین سەیدا

بەرژەوەندیە هاوەبەشەکان، بەدی هێنان و پاراستنی ئەرکی هەمووانە. ئێمەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاراممان هەبێت، پێویستمان بە ئاسایش و ئارامی گشتی هەرێمەکەمانە. چونکە جێگیربوونی باری ئاسایش، دەبێتە هۆی بەدی هاتنی ئارامی ژیانمان. هەروەها هەبوونی ئاسایش لەم هەرێمە، هۆکارێکە بۆ جوڵە و گەشەی بەردەوامی بازرگانی و گەشتیاری و ئابووری و هەموو لایەنەکانی ژیانمان. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە بە سەقامگیر بوونی ئارامی و ئاسایش لە هەر شوێنێک، دەبێتە هۆی دڵنییای دانیشتوانەکەی و گوزەراندنی ژیانێکی ئارامی.
بۆیە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیمان، پێویستە هەموومان هاوکاری دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ بکەین. چونکە هەبوونی هەر هەڕەشە و مەترسیەک پێش ئەوەی هەڕەشە و مەترسی بێت لەسەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی میری، هەڕەشەیە لەسەر من و تۆ و گشت دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. لەکاتی هەبوون و ڕوودانی هەر کردەوە و پەلاماردانێکی تیرۆریستی و تێکدەریی، باری ئارمی دانیشتوان دەشێوێ و تاک بەتاکی هەرێم دەکەوێتە بەر مەتریسی و هەڕەشە، زیانی بۆ گشت بوارەکانی ژیانی دانیشتوانی هەرێمەکەمان دەبێت. بۆیە نابێت هاونیشتمانی بەبیرکردنەوە و سۆزی لایەنی حیزبی و ئایدیای جیاواز بڕوانێتە دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانیان، چونکە ئەوان پێش ئەوەی هێزی حکوومەتبن، هێزی فەراهەم کردن و پاراستنی ئاسایش و ئارامی دانیشتوانی هەرێمن، پاسەوانی سەر و ماڵی تاک بەتاکی دانیشتوانن.
ئاسایشی و ئارامی وەک خزمەتگوزاریەکانی تر پێویستە بۆ ژیانێکی بێ دڵەڕاوکێ و هێمن. چونکە مرۆڤ سروشتی وایە ئەگەر هەموو پێویستیەکانی ژیانی هەبوو، بەڵام بەبێ سەقامگیربوونی باری ئاسایش و هێمنایەتی، ئارام نابێت و لە دڵەڕاوکێ دادەژیت، واتا هەرگیز ئاسودە نابێت. بۆیە بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک جێگیر بوونی باری ئاسایش و ئارامی پێویستە. چونکە هەبوونی ئاسایش و ئارامی، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی هەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆڤ و پێشکەوتنی هەموولایەنەکانی ژیان. بەڵام فەراهەم بوونی ئاسایش و ئارمی، بەتەنها ئەرکی دەزگا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم نیە، بەڵکو ئەرکی هەموو هاونیشتمانیانە و پێویست هەر تاکێک هەست بە بەرپرسیاریەتی خۆی بکات بۆ بەدی هێنان و سەقامگیری ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان، ئەویش بە هاوکاری کردنی دەزگاکانی ئاسایش ناوخۆ بەدی دێت. بۆیە پێویستە هاونیشتیمانی لەکاتی هەبوونی هەر کەس و شتێکی گومان لێکراو یان زانین و هەست کردن بە هەبوونی هەر تاوانێک و سەرپێچی و مەترسیەک، دەست بەجێ دەزگاکانی ئاسایشی لێ ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر هەمووان نەمێنێت و ڕێگری بکرێت لەتاوان و تاوانکاران، بەئامانجی پاراستنی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی تاوان و هەڕەشە و مەترسیەکانی سەر کۆمەڵگامان و سەقامگیری باری ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان.

ھەواڵی زیاتر