دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئێران بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: هیوادارین پەیوەندییەکانمان بە بەهێزی بمێنێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاسی ناردنی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری هه‌ڵبژێردراوی ئێران دەکات و دەڵێت: “هیوادارین پەیوەندییەکانمان بە بەهێزی بمێنێتەوە.”

شەممە (6ـی تەمموزی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری ئێران و گوتی: “بە ناوی خۆم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی گەلانی ئێران و هەڵبژاردنتان وەک نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لەپێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوو لامان بێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پەیامی پیرۆزباییەکەی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ڕایگەیاند، سوپاسی پەیامی پیرۆزباییتان دەکەین، “هیوادارین پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وەک ڕابردوو بە سەقامگیریی و بەهێزی بمێنێتەوە.”

ڕۆژی شەممە (6ـی تەمموزی 2024) ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندرا و مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.

بە گوێرە ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا 49.8% بووە، لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.