سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پارێزگاری هه‌ولێر: ئاماده‌كردنی ئه‌م كتێبه‌ بۆ نووسینەوەی مێژووی شارێكی زیندووی وه‌ك هه‌ولێر، گرنگترین بەڵگەنامەی ماددیه‌، كه‌ ببێته‌ سەرچاوەی سەرەکی تۆماركردن و ناساندنی ئه‌و مێژووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه‌ هه‌ولێر هه‌یه‌تی

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ هەولێر رێكه‌وتی 4_7_2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆ كرد، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی دیكۆمێنت و سه‌رچاوه‌ی زانستی مێژووین له‌سه‌ر سروشتی ژیان و داب و نه‌ریت و شوێنه‌واره‌كانی شاری هه‌ولێر .
سه‌ره‌تا پارێزگاری هه‌ولێر، سوپاسی مامۆستایانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ ئه‌ركێكی شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌یان خستۆته‌ ئه‌ستۆی خۆیان، چونكه‌ هه‌ولێر خاوەن مێژوویەكی هەزاران ساڵه‌یە و چەندین شارستانییەت لەو شارە بوونی هەبووەو چین و توێژ و گروپه‌كان قەڵەمڕەویان لەو شارە به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، گوتیشی هه‌ولێر لەئێستادا خودانی سه‌دان شوێنه‌واری كۆنی پارێزراون‌، لەوانە قەڵای هەولێرو گردی قالینچ ئاغا و كلك مشك و ده‌یان شوێن و شوێنه‌واری دیكه‌ .
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، جه‌ختی كرده‌وه،‌ كه‌وا هەرێمی کوردستان به‌گشتی و شاری هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان لەڕووی مێژوو و شوێنەوارەوە، کۆنترین مرۆڤ و كۆنترین گوندی کشتوکاڵی جیهان و کۆنترین شاری شارستانیش کە هێشتا ژیانی تیادا بەردەوام بێت لە هەرێمی کوردستان و شاری هه‌ولێره‌، بەڵام هێشتا نەتواندراوە و وەک پێویست سوود لەو هەموو شوێنەوارە گرنگە مێژووییە وەربگیرێت بۆ راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتوگوزار. بۆیه‌ بۆ نووسینەوەی مێژووی شارێكی زیندووی وه‌ك هه‌ولێر، ئه‌م كتێبه‌ گرنگترین بەڵگەنامەی ماددیه‌، كه‌ ببێته‌ سەرچاوەی سەرەکی تۆماركردن و ناساندنی ئه‌و مێژووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ئه‌و كاره‌ی ئێوه‌ش به‌شێكه‌ له‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌.
دواتر مامۆستایانی زانكۆی به‌شدابوو له‌ ئاماده‌ كردنی ئه‌و كتێبه‌ مێژووییه‌ دیكۆمێنتاریه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر، هه‌ریه‌كه‌یان به‌سه‌رنج و تێبینی و زانیارییه‌كانیان گفتوگۆو بیروڕایان له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر ئاڵوگۆڕكرد، له‌ كۆتاییدا سوپاس و پێزانینیان له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێر پێشكه‌شكرا.