ئەمڕۆ چوارشەممە 3-7-2024 بەچاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی16ی پارتی دیموکراتی کوردستان و رزگار ئەنوەر بەرپرسی لقی24ـی سهفینی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری تەندرووستی هەولێر و قایمقامی پیرمام و ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسانی حزبی وحکوومی و هاووڵاتیانی ناوچەکە، بەردی بناغەی درووستکردنی بنکەی تەندرووستی بۆ گوندەکانی سرێشمە، سێوەکە و هاودیان بە گووژمەی 674.835 دۆلار داندرا.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژانە و چەندین پڕۆژەی دیکە، بەهەماهەنگی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدان بە قەرزی نێودەوڵەتی و بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێن.
ڕاشیگەیاند، لەچوارچێوەی بەرنامە و پرۆگرامەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی تەواو بە دەوروبەری شاری هەولێریش دەدرێت، هاوسەنگیی لەمبارەوە دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، پڕۆژەکانی سندووقی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی گرنگی بە درووستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندرووستی و پڕۆژەکانی ڕێگە و بان دەدات.