یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

نەوزاد هادی: لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی سەرنجێکی تەواو لەسەر سەردانەی سەرۆک بارزانییە

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پاریزگای نەینەوا ڕایگەیاند، بۆ هەموو ئەو کێشە و ئاریشە هەڵپەسێردراوانە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان گرنگی خۆی دەبێت، هەروەها لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی سەرنجێکی تەواو لەسەر ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانییە.

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پاریزگای نەینەوا، ڕاگەیاند، بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەو کات و ساتەدا بۆ بەغدا، بەگوێرەی کارنامەی سەردانەکە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی حکومەت بە شیعە و سوننەوە دەبێت، هەروەها لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانیش لە بەغدا کۆدەبێتەوە.

نەوزاد هادی باس لەوەش دەکات، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ هەموو ئەو کێشە و ئاریشە هەڵپەسێردراوانە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان گرنگی خۆی دەبێت، هەروەها لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی سەرنجێکی تەواو لەسەر ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانییە، بەتایبەت کە دوای شەش ساڵ سەرۆک بارزانی یەکەم جارە دەچێتەوە بەغدا.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە موسڵ گوتیشی: ئەو کیشەو گرفتانەی لە ماوەکانی ڕابردوودا لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە، نایاسایی و نادەستووری بووە و ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها عێراق لە دوای 2003ەوە تووشی کۆمەڵێک کێشە بووە، وەکو شەڕی مەزهەبی و هاتنی داعش، کە دوای نەمانی داعشیش تاوەکو ئێستا کێشە کەڵەبووەکان لە عێراق ماون، دەشڵێت: شێوازی یەکتر قبوڵکردن و پێشوەچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق لە پاشەکشەدایە، زۆرجار بێ ویژدانانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان خەڵکی کوردستان کرایە.

ئاماژەی بەوەش دا، زۆر بابەت بەشێوەی نایاسایی بەکار هێنراوە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخرێتە سەر حکوومەت و هەرێمی کوردستان، بۆیە چوونی سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەیە لەگەڵ لایەنە سەرکییەکانی حکوومەت تاوەکو چارەسەری بۆ بدۆزریتەوە و عێراق هەنگاوی زیاتر بۆ پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیری و ئاوەدانی بنێت و ئەو پرسانەش چارەسەر بێت.