سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بەشێکی داهاتی نانەوتیی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.                         

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی یەکشەممە، 30-06-2024، بڕی 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئادار (سێ)ـی ساڵی 2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.  

ڕۆژی پێنجشەممە، 23-05-2024 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ”وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاریمان نییە و هیچ گرفتێکمان لەگەڵ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ عێراق نییە.”

ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە وەزارەتی دارایی عێراق، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە.