كارزان گلی – ههولێر
گفتوگۆكردن لەبارەی گۆڕینی بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لەلایەن دیموكراتەكانەوە لە ئەمریكا گەرم بووە، ئەمەش دوای ئەو دیبەیتە هات، كە لە نێوان دۆناڵد ترامپ، بەربژێری كۆمارییەكان و جۆ بایدن، بەربژێری دیموكراتەكاندا ئەنجامدرا، لەوێدا بایدن نەیتوانی وەكوو پێویست رووبەڕووی تڕامپ ببێتەوە، بۆیە داوا دەكرێت كەسێكی تر لە شوێنی بایدن بكرێتە بەربژێری دیموكراتەكان. بەڵام ئایە لە سیستەمی سیاسی ئەمریكادا، دەكرێت بایدن بگۆڕن بە كەسێكی تر.
بایدن دەكشێتەوە؟
لە ١٩_٢٢ی مانگی ئابی ئەمساڵ، لە شیكاگۆ، دیموكراتەكان، كۆنگرەی نەتەوەیی دەبەستن و بەربژێری پارتەكەیان بەفەرمی دەكەن، كە تاوەكوو ئێستا جۆ بایدنە.
بەڵام بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی ئەمریكا، دەبێت ئەو نوێنەرانەی بەشداری ئەو كۆنگرەیە دەكەن، زۆرینەیان دەنگ بە بایدن بدەن. بەگوێرەی زانیارییەكان لە كۆی ٤ هەزار ئەندام، ٩٩٪یان بەڵێنیان داوە دەنگ بە بایدن بدەن، بەڵام دەنگدانەكە بەزۆر نییە.
بەگوێرەی یاسای كۆنگرەی نێونەتەوەیی دیموكراتەكان، ئەوانەی بەڵێنیان داوە دەنگ بە بایدن بدەن، دەبێت بەڵێنەكەیان ببەنە سەر، بەڵام ئەگەر بایدن بۆ خۆی لە بەربژێری كشایەوە، ئەوكات ئەندامەكان دەستیان واڵا دەبێت كە كێ دەكەنە بەربژێر.
وەكوو ئەوەی (BBC) باسی دەكات، ئەگەر بایدن بكشێتەوە، ئەوكات لەناو دیموكراتەكاندا كێبڕكێیەكی زۆر ناشرین بۆ بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەستپێدەكات، بەڵام تاوەكوو ئێستا لە بەرنامەی بایدندا نییە لە بەربژێری بكشێتەوە.
ئایە فشار دەكرێتە سەر بایدن بۆ كشانەوە؟
ئەگەر بێت و ئەم ئەگەرە لاوازیش بێت، بەڵام سیناریۆیەكە و میدیاكانی ئەمریكا باسی دەكەن. بەگوێرەی مێژووی مۆدێڕنی سیاسی لە ئەمریكا، هیچ كاتێك هیچ پارتێكی سیاسی فشاری نەخستووەتە سەر بەربژێرەكەیان بۆ كشانەوە، لەورووەوە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت كە لە مێژووی ئەمریكادا سیناریۆی لەو شێوەیە هەبووە.
بەڵام هەندێك لە ئەندامانی دیموكراتەكان باس لەوە دەكەن لەژێر فشار بایدن لە بەربژێری بكشێننەوە، ئەمەش تیۆرییەكی لاوازە، بەڵام ئەندامانی كۆنگرە دەتوانن بەكۆی دەنگ بایدن لە بەربژێری بكشێننەوە، واتە لە بەڵێنەكەیان پەشیمان ببنەوە.
كامالا هاریس دەتوانێت ببێتە بەربژێر لە شوێنی بایدن؟
لە سیستەمی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، ئەگەر سەرۆك ئەمریكای بەجێهێشت، یان كۆچی دوایی كرد، جێگرەكەی دەتوانێت ببێتە سەرۆكی ئەمریكا. بەڵام لەبارەی ئەوەی كاتێك بەربژێری سەرۆكایەتیی دەكشێتەوە و جێگرەكەی لە شوێنی ئەو ببێتە بەربژێر، ئەمە لە یاسای دیموكراتەكاندا نییە و ئەگەر بایدن بكشێتەوە، هاریس لە شوێنی نابێتە بەربژێر و دەبێت لە كۆنگرەدا دەنگی پێویست بهێنێت.
هاریس، وەكوو هەموو ئەندامەكانی تری دیموكراتەكان، بۆی هەیە خۆی بەربژێر بكات، بەڵام رای گشتی ئەمریكا ئەویان بەدڵ نییە، بەگوێرەی تازەترین راپرسیش بێت، دەنگی هاریس لە دواوەی بایدن و تڕامپە.