هاودەنگ فارووق
پارتی لە هەڵبژاردنی ناوخۆییی خۆی و کوردستان و عێراقیش هەمیشە لە لووتکەیە و بە بەهێزی دەمێنیتەوە. ئەوەی دەیڵێین، ئەزموونی زیاتر لە حەفتاوحەفت ساڵی خەباتی نەتەوەیی پارتییە، حیزبەمێژوو كردەكەی كوردایەتی توانیویەتی گرەوەکان بباتەوە، لەلایەک هیچ دڵسۆز و هەڤاڵێکی خۆی لێ زیاد نییە، هەمیشە ئەلتەرناتیڤی هەیە بۆ داخوازییەکان و چارەی گلەییەكان.
ناتوانین چاوەڕوانی ئەوەبین، هەمووان لە هەنگاوێک، یان لە بڕیارێكی سیاسی ڕازی و سوودمەندبێت، پێوانەی سوود و قازانج و سەرکەوتن یان شکستی هەر بڕیارێکی سیاسیش لەفۆرمە گشتییەکەیدایە، نەک لە وردەکارییە شەخسییەکانیدا. لەم گۆشەیەشەوە پارتی دڵنیایی دەدات کە، ڕیتمی ئەو کارەی بەردەوامە و، وەک هەمیشە کەسی لێ زیاد نییە و، ئەلتەرناتیڤیش ئامادەیە بۆ سەرجەم هەڤاڵانی.
بێگومان نەیارەکانی پارتیش لەوە تێگەیشتوون، کە پارتی پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نێشتمانی عەقڵانی و واقیعبینیە، هیچ هەنگاوێکی بەبێ دیراسەو بیرکردنەوەی ورد نانێت، بۆیە هەرگیز ناتوانن توخنی جەوهەری بڕیارەکانی پارتی بکەون، بەڵکو دێن لە دەرهاویشتەکاندا قسە دەکەن و، دەیانەوێت لە بایەخی بڕیارەکانی پارتی کەم بکەنەوە، بۆ نموونە: بڕیاری کۆنفرانس بڕیارێکی پلان بۆ داندراوی گۆنگرەی چواردەی پارتی بووە، ئەوان ناتوانن بێن قسە لەسەر بایەخی کۆنفرانس و بوێری پارتی بکەن بۆ بەستنی کۆنفرانس، چونکە ناچار دەبن دان بەگەورەیی پارتیدا بنێن، بەڵکوو دێن گرەو لەسەر گلەیی چەند هەڤاڵێکی پارتی دەکەن کە ڕەنگە بەگوێرەی پێویست ئەنجامەکانی کۆنفرانسیان بەدڵ نەبێت، نەیارەکانی پارتی وەبەرهێنان لەسەر تێبینیی ئەو هەڤاڵانەی پارتی دەکەن، بێ ئاگا لەوەی ئەندام و كادری پارتی، خاوەنی دیسپلینی حزبی و بیروباوەڕی ڕێبازی بارزانییە، بۆیە دەزانن بۆچی پارتین.
پارتی هەم چارەسەری بۆ گلەیی هەڤاڵانی خۆی داناوەو، هەم پێشتریش زانیویەتی بەرەو هەڵبژاردنیش دەچێت و، گلەیی لەوشێوەیەشی لەبەرچاو بووە. ئەوەیە گەورەیی پارتی، هەمیشە لەناو جەوهەری کایەکاندا باسکی خۆی پیشانی یار ونەیار دەدات. پارتی بۆیە گەورەیە، چونکە بەرانبەرەکانی ناتوانن تەنانەت بیریش لەو هەنگاو و بڕیارانە بکەنەوە کەپارتی دەیاندات، وە جێبەجێشیان دەکات، هیچکام لە نەیارە سیاسییەکانی پارتی جورئەت ناکەن، پێشی هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز، کۆنفرانس ببەستن، لەو گۆشەیەوە سەیری پارتی دەکەن بۆیە پێیان وایە پارتی نەدەبوو پێشی هەڵبژاردن کۆنفرانس بکات، ئیدی پارتی هەمیشە پێشی حیزبەکان دەکەوێت و، ئەوانی دی تەنها هەنگاوەکانی پارتی دەژمێرن، یاخود سەیری جێ پێکانی دەکەن.