ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی6ی2024، کاتژمێر 11:00ی پێش نیوهڕۆ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە دادەنێت، كه بە گوژمەی 27 ملیار و 500 ههزار دینار لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دهكرێت و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، لەگەڵ 10 كۆگا بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان.
کابینەی نۆیەم گرنگییەکی تایبەتی بە دروستکردنی سێکتەرە جیاوازەکان داوە و لە نێویاندا بە تایبەت کەرتی کشتوکاڵ، هەروەها جیا لە بە بازاڕکردنی بەروبوومی جوتیاران لە ئاستی ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتیش، بایەخێکی زۆریشی بە دروستکردنی سایلۆ لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان داوە؛ وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ گرنگیدان بە ئاسایشی کشتوکاڵی و ئابووریی.
دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد و جەختی کردەوە و گوتی: خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین.