سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بەغدا.. بەشێکی زۆری خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون کراونەتە قومارخانە و مه‌یخانه‌

ژماره‌ی قومارخانه‌كان له‌ شاری به‌غدا هەر زۆر دەبن و زۆربه‌ی ئه‌و هۆڵانه‌ش كه‌ شه‌وانه‌ به‌ به‌بێ مۆڵه‌ت كار ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووه‌وه‌ پشتیوانیی ده‌كرێن.

به‌شێك له‌ هۆڵه‌كانی قومارخانه‌ له‌ شاری به‌غدا بۆ سپیکردنەوەی پارە به‌كار ده‌هێنرێن و هەندێکی دیكه‌شیان له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌ستڕۆییشتووه‌كانه‌وه‌ پشتیوانیی ده‌كرێن. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن عه‌لی مه‌شهه‌دانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌غداوه‌ سەلمێنراوە. مەشهەدانی، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی كرده‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و هۆڵانه‌ به‌بێ مۆڵه‌ت كار ده‌كه‌ن.

مه‌شهه‌دانی گوتیشی: ژماره‌ی هۆڵه‌كانی قومارخانه‌ له‌ به‌غدا تا دێ زیاد دەکەن و بوونه‌ته‌ ناوەندێک بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و به‌شێكیشیان به‌بێ هیچ مۆڵه‌تێك ده‌ستیان به‌ كاركردن كردووه‌. هه‌ربۆیه‌ش ناتوانرێت ئه‌و هۆڵانه‌ دابخرێن، چونكه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ باڵاده‌سته‌كان و كه‌سانی ده‌ستڕۆییشتووه‌وه‌‌ پشتیوانیی ده‌كرێن، ئه‌م دیارده‌یه‌ش بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به ‌گشتی”.

مه‌شهه‌دانی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌رچه‌ند پێشتر ده‌سه‌ڵاتداران به‌ڵێنی داخستنی ئه‌و شوێنانه‌یان له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون دابوو، به‌ڵام تادێت دیارده‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ دەکات و بووه‌ته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانیی خێزانه‌كان، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌ستی به‌ گواستنه‌وه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقیش كردووه‌.

به‌گوته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌غدا، ئێستا هه‌ندێك له‌ ماڵه‌كان و شوققه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ به‌غدا كراونه‌ته‌ هۆڵی قومارخانه‌، مه‌یخانه‌ و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هه‌میشه‌ش ئه‌و حاڵه‌تانه‌ كاتێك له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێن، كه‌ ده‌مه‌قاڵێ له‌و شوێنانه‌ ڕووده‌دات؛ یانی درك به‌ جووڵه‌یه‌كی نامۆ له‌ شه‌وانه‌ له‌و شوێنانه‌ ده‌كرێت، له‌وانه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمبێل له‌به‌رده‌م شوێنه‌كه‌.

مه‌شهه‌دانی دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، مۆڵه‌تی كردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كانی قومارخانه‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزاره‌ و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و حكوومه‌تی خۆجێیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان نییه، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان پێشكه‌ش به‌ پارێزگار و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و هۆڵانه‌ بكه‌ن، تاوه‌كو ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌تیان نییه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن و دواتر وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان رێكاری یاسایی دژی ئه‌و شوێنانه‌ بگرنه‌به‌ر.

چاودێران لایان وایه‌، هۆڵه‌كانی قومارخانه‌ و یارییه‌كانی كاتبه‌سه‌ربردن له‌ به‌غدا، بوونه‌ته‌ گرنگترین سه‌رچاوه‌ی ئابووری بۆ پاره‌داركردنی ئه‌و گرووپ و سه‌ركرده‌ چه‌كدارییانه‌ی ڕه‌هه‌ندێكی ئایینییان هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و گرووپانه‌ وه‌به‌رهێنانی تێدا ده‌كه‌ن‌، داهاته‌كه‌شیان مانگانه‌، ده‌گاته‌ ملیۆنان دینار.