یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: پاڵپشتیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

گوته‌بێژی فه‌رمی حكوومه‌تی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و  پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستانیش دەکات.

چوارشه‌ممه‌، 26ـی حوزه‌یرانی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگەیاند، محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپات دەکاتەوە، هەروەها پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان دەکات کە وادەیەکی نوێی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا دیاریی كردووه‌.

گوته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌تی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، حكوومه‌تی عێراق ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی مەرجەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسە دەردەبڕێت، هەروەها “هەموو هەوڵێک ده‌دات بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریی گەلی کوردمان و ته‌واوی برایانی دیكه‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەربڕینی ڕاستەقینەی ویستی گەلەکەمان بێت لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموکراسیەکانه‌ بکات.”

چوارشه‌ممه‌، 26ـی حوزه‌یرانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:

1. دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.

2. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.

3. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادەیە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە.

هەر چەندە پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەهۆی بەشداریی نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و “دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە”؛ هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا نەکرا.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.

ئەمڕۆ، چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، مەرسوومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، کە بڕیارە ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازیی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە”.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 26ـی حوزه‌یرانی 2024، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق “یۆنامی” له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێكس) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، پێشوازیی له‌ دیاریكردنی واده‌ی نوێی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات.

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگه‌یاندووه‌ “پێشوازی له‌ واده‌ی نوێی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی 20ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2024 وه‌كوو واده‌یه‌كی نوێ و دوایین واده‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریی كراوه‌.”

هه‌روه‌ها یۆنامی سه‌رله‌نوێ جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ كار كردن له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ به‌ پێی بڕیاری ژماره‌ (2732)ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیی نێوده‌وڵه‌تیی ساڵی 2024 له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ریی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی گشتگیر، ئازاد و بێگه‌رد و به‌ به‌شداریی ئافره‌تان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.