دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پارێزگاری دهۆک و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران تاوتوێ دەکەن


پارێزگاری دهۆک و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا کۆبوونەوە، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە (26ـی حوزەیرانی 2024) عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە یواخیم شتامب، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری کرد.

لەمیانی کۆبوونەوەی نێوانیاندا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا. هەروەها ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی سنووری پارێزگای دهۆک و هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ پارێزگاکە تاوتوێ کرا.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، سوپاسی خەڵکی پارێزگای دهۆکی کرد لە بەرانبەر ئەو مامەڵە جوانەی کە وەک کەسوکاری خۆیان لەگەڵ ئاوارە و پەنابەرانیان کردووە. هەروەها دەستخۆشی لە کارگێڕیی پارێزگای دهۆک و لایەنی پەیوەندیدار کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان و چارەکردنی هەموو ئاڵۆزییەکان، هەروەها بەڵێنی حکوومەتی ئەڵمانیای دووپات کردەوە کە هەمیشە هاوکاری هەرێمی کوردستان، ئاوارە و پەنابەران دەکات.

لای خۆیەوە پارێزگاری دهۆک، سوپاسی حکوومەتی ئەڵمانیای کرد لە بەرانبەر هاوکارییە بەردەوامەکانی بە تایبەت لە سەردەمی قەیرانەکان کە پێشکەشی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکەی کردووە، هاوکات عەلی تەتەر خواستی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ئەڵمانیا دەربڕی و داواکاریشە لە حکوومەتی ئەڵمانیا کە هەمیشە هاوکاری هەرێمی کوردستان و پارێزگاری دهۆک بکات