مەزهەر كەریم – سلێمانی
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” گووتی” سكچوون بەهۆی گەرماوە زیاتر لەناو منداڵاندا دەبێت و گووتیشی” ئاساییە سكچوون و رشانەوە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا هەبێت، بەڵام پێویستە زوو چارەسەر بكرێت.
- هۆكاری سكچوونی منداڵان لەوەرزی گەرمادا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هۆكارەكەی ئاو و پیسی خۆراكی تێكچووە بەهۆی گەرماوە كە، هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا زۆر زیاد دەكات.
- ئاسای4یە هەموو وەرزێكی گەرما سكچوون و ڕشانەوە لەناو منداڵاندا هەبێت؟
- زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی سكچوون و رشانەوە لە وەرزی گەرمادا تاڕادەیەك ئاساییە، بەڵام بەردەوامی لە سكچوون و رشانەوە پاشهاتی مەترسیداری دەبێت و پێویستە زوو چارەسەر بكرێت.
- گەر سكچوون و ڕشانەوە چارەسەر نەكرێت پاشهاتەكانی چی دەبێت؟
•سكچوون و رشانەوە چارەسەرنەكرێن، ئەوا پاشهاتەكان سستبوونی گورچیلەكان و وشكبوونەوەی تووندی جەستەی بەدوادادێت بەتایبەت لەمنداڵاندا، دۆخی تووشبووەكە دەخەنە مەترسییەوە. - لەوەرزی گەرمادا خۆراك كاریگەری هەیە لەسەر سكچوون؟
- بێگومان خۆراك كاریگەری سەرەكی دەبێت و پێویستە خۆراك تەنیا یەك ژەم بخورێت و دووبارە گەرم نەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ژەمێكی دیكەش گەرمكرایەوە ئەوا دەبێت بە باشی بخرێتە نێو ساردكەرەوە، تاوەكوو رێگری لە گەشەكردنی میكرۆبەكان بكرێت.
- هۆكارێكی تایبەت هەیە بۆ سكچوون و ڕشانەوە بەدەر لەوەرزی گەرما؟
- بەدەر لەوەرزی گەرما لە سەرجەم وەرزەكانی ساڵدا هۆكارەكانی سكچوون و رشانەوە وردەزیندەوەرەكان و ڤایرۆس و بەكتریا و مشەخۆرەكانن و هەروەها نەخۆشیی گەنم و جۆ و هەستیار بوون بە پڕۆتین و جۆرە خواردنێك و خواردنی شیرمه نیه كان و ژەهراویبوون و كۆڕۆنا و چەندین هۆكاری دیكە.
- چۆن رێگری لە سكچوون و ڕشانەوە بكرێت؟
رێگەی پێشگیریكردن لە سكچوون و رشانەوە بریتییە لە ئاوی كوڵێندراو واته بكوڵێندرێت و ساردبكرێتەوە ئینجا بەكاربێت .هەڵگرتنی خۆراك لەنێو ساردكەرەوە و پاراستنی لە پلەی گەرمیی بەرزو شۆردنەوەی سەوزە و میوە بەجوانی و دەستشۆردنی بەردەوامی منداڵ و پاكوخاوێنی ئاودەست و گەرماو و بەكارنەهێنانی خاولی، پەرداخ و كەوچكی كەسانی دیكە و دووركەوتنەوە لە خۆراكی دەرەوە بەتایبەت خۆراكی سەر عەرەبانەكان و باش كوڵاندنی گۆشت و خۆراك. - لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون و ڕشانەوەدا چی بكرێت باشە؟
لەكاتی دەركەوتنی نیشانەی تووند لەگەڵ سكچوون و رشانەوە ئەوا پزیشكی پسپۆڕ ببیندرێت و بە هەڕەمەكی دەرمان بۆ كەسی تووشبوو بەكارنەیەت، چوونكە هۆكارەكان جیاوازن و ئەمەش واتە چارەسەرەكانیش جیاواز دەبن.ن - نووستنی تەندروست كاریگەری هەیە لەسەر سكچوون و ڕشانەوە؟
- نووستنی تەندروست بۆ منداڵ و كاتی نووستن و كاتی هەڵسان لە خەوی منداڵان دیاریكراوه و ژووری نووستن پێویستە پلەیەكی گەرمی گونجاوی هەبێت، نابێت پێش نووستن چا، كۆلا، چوكلێت، كۆفێ بدرێت بە منداڵ بەتایبەت لەكاتی سكچوون و ڕشانەوەدا دەبێت ئاوی زیادە بدرێت بەمنداڵ.
- رێنمایت چیە بۆ دایكان و باوكان؟
دەبێت زۆر ئاگاداری منداڵەكانیان بن لەوەرزی گەرمادا. ئاو و خۆراكی تەندروست بدرێت بەمنداڵ هەروەها ژووری نووستن پێویستە پلەیەكی گەرمی گونجاوی هەبێت واتا نابێ زۆر سارد یان گەرم بێت و نابێ لە ژووری نووستن منداڵ نابێت تەلەفزیۆنی تیادابێت.