سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزارەتی تەندروستی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی دیاردەی لەبارچوونی کۆرپە پێکدەهێنێت

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەبارەی دیاردەی لەبارچوونی کۆرپە و هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ پاشماوەی لەبارچوون پێکدەهێنێت.

ڕۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی تەندروستیی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: بۆ بەدواداچوونی ڕاستی و دروستی و هۆکار و ئاستی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە دیاردەی لەبارچوونی کۆرپە و هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ پاشماوەی لەبارچوون تایبەت بە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا. بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە: پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەبێت بۆ گەیشتن بە دەرەنجام و دەستنیشانکردنی سەرپێچیکاران و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەدەرەنجامەکان.

لە ماوەی ڕابردوو لە چەند پەیجێکی سۆشیال میدیا باس لەوە دەکرا، لە یەکێک لە گۆڕستانەکان کۆرپەی لەبارچوو دەنێژرێت کە گومانی ئەو هاووڵاتییانەی باسیان کردووە، ژمارەکە ئاسایی نییە و بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکانیش، وەزارەتی تەندروستی دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە.