ئەمڕۆ سێشەممە، لیواکانی سەیدولشوهەدا ڕایگەیاند، هێزەکانی میحوەری مقاوەمە لە هەموو وڵاتان بەشداریی لە شەڕی لوبنان دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باشووری لوبنان.
گوتەبێژی لیواکانی سەیدولشوهەدا، کازم فەرتوسی بە مێدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند، “سەرەڕای متمانەمان بە برایان لە باشووری لوبنان کە توانای بەرپەرچدانەوەی هەر گەمژەییەکی ئیسرائیلیان هەیە، ئەگەر پێویستییان بە ئێمە هەبێت، ئەوە یەکەم کەس دەبین کە وەڵامی داواکارییەکانیان دەدەینەوە، ئێمە بۆ گەلی عەرەبی و ئیسلامی دەجەنگین”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “سەرجەم میحوەری مقاوەمە لە یەمەن، لوبنان، عێراق و تەنانەت مقاوەمەی فەڵەستینیش سەرەڕای بارودۆخە سەختەکەی ئامادە دەبێت، هەروەها ڕەنگە هاوکێشەی نوێی ناوچەکە بگۆڕدرێت”
ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووتەوە کە لەو بڕوایەدان هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە. بۆیە، بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییەکی ڕوونیان بە حزبوڵلا داوە و پێی ڕاگەیاندوون: “وا بیر نەکەنەوە واشنتن دەتوانێت ڕێگریی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەرتان دەکات”.
هەروەها کەسێکی ئاگەدار لە گفتوگۆ نهێنییەکەی ئەمەریکا و بەرپرسانی لوبنان ڕایگەیاندووە، پەیامەکەی ئەمەریکا لە بارەی مەترسی هێرشی سوپای ئیسرائیل بەناڕاستەوخۆ بەحزبوڵلا گەیشتووە کە بە درێژایی سنوور دەبێت.