لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق هەڵوێست وەردەگرێت

ئەندامێکی گرووپە میلیشیاکانی بەناو “بەرەی موقاوەمەی عێراق” لەلایەن ئەنجوومەنی ئەمیندارێتی تۆڕی مێدیایی عێراقی بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقی لێکەوتەوە و ئەمڕۆ دووشەممە لێژنەکە ڕایگەیاند، دژی هەڵبژاردنی سائر غانمی بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و نەگەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر.

محەممەد خەفاجی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، پەرلەمان بڕیارێکی دەرکردووە و ڕاسپاردەیەکی ئاراستەی حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی دەستبەکاربوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەمیندارێتی تۆڕی مێدیایی عێراقی قەبوڵ نەکات، چونکە ‌هەڵبژاردنەکە لە نێو کۆونەوەی گشتیی پەرلەمان نەکراوە و ئەوەشی کراوە پێچەوانەی یاسایە.

ئەندامەکەی لێژنەی یاسایی پەرلەمان ڕەخنەی لە حکوومەتی فیدراڵ گرتووە و تۆمەتباری دەکات بەوەی هەڵەشەیە و هەوڵی سەرپێچیی و شکاندنی زۆرینەی یاساکان دەکات، چونکە یاسای تۆڕی مێدیایی عێراق کە ساڵی 2015 دەرچووە زۆر ڕوونە و میکانیزمەکانی دامەزراندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەمیندارێتیی و بەڕێوەبەری تۆڕەکەی دیاری کردووە.

خەفاجی، زیاتری ڕوون کردووەتەوە و ئاماژەی داوە: بەگوێرەی یاساکە، دوای دەست پاڵاوتنی کاندیدەکان بۆ ئەندامییەتی ئەنجوومەنەکە، دەبێت کاندیدەکان لەلایەن پەرلەمانەوە بە دەنگدان هەڵبژێردرێن، بەڵام ئەوەی ئێستا کراوە تەواو پێچەوانە و سەرپێچیی یاساکەیە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق دوای کۆتاییهاتنی پشووەکان و دەستپێکردنەوەی یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادان ڕێکاری پێویست لە دژی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمندارێتی تۆڕی مێدیای عێراق دەگرێتەبەر، چونکە حکوومەتیش هەوڵی داوە پشووی یاسادان بۆ تێپەڕاندنی ئەو کارە قۆزتووەتەوە.

دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی ئەمیندارێتیی تۆڕی مێدیای عێراق بە زۆرینەی دەنگ سائر غانمی، نزیک لە گرووپەکانی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەسەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژارد، جگە لە لێژنەی یاسایی، لێژنەی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەواری و ڕاگەیاندنی پەرلەمانیش ‌هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمێندارێتی تۆڕی مێدیای عێراقی ڕەت کردووە بەو پێیەی لە نێو پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە.

ھەواڵی زیاتر