مەحموود محەممەد: سبەی هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان بەڕێوە دەچێت

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان بەڕێوە دەچێت، کە یەک ڕۆژ دەخایەنێت و  17 لق بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هەڵنژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی ڕایگەیاند، بۆ هەر مەکتەبێکی ڕێکخستنی پارێزگایەک، لیژنەیەکی تایبەت دروست کراوە، لە هەڵبژاردنەکەدا 17 لق بەشدار دەبن و ئەوانیش لیژنەیان بۆ دیاری کراوە، لیژنەش بۆ ناوچەکانیش دروست کراوە کە لە سنووری ئەو لقانەدان.

گوتەبێژی پارتی گوتیشی: هەموویان لە یەک کاتدا دەست بە هەڵبژاردنەکان دەکەن، سبەی سێشەممە، هەڵبژاردن بۆ ستافی ئۆرگانەکان لە بنکەوە تاوەکو سەرەوە دەست پێ دەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، بە پێی قەبارەی ئۆرگانەکان، چونەک لەوانەیە هەموویان وەکو یەک تەواو نەبن.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەدان کادیری پێشکەوتوو لەناو لیژنەکاندان بۆ بەڕێوەبەردنی کارەکان، هەروەها زۆرینەی هاڤاڵانی مەکتەب سیاسی و هاڤاڵانی لیژنەی مەرکەزی و کادیرە کۆنەکانی کە بەرپرسی لق بوون و ڕۆڵیان هەبووە لە کاری حزبایەتی لەو لیژنانەدان.

مەحموود محەممەد، مەرجەکان لەو بارەوە لە سیستەمی پەیرەوی ناوخۆ لە کۆنگرەی 14مین دیاری کراوە، کە چۆن و بە چ سیستەمێک ئەو پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت، جگە لەوە ڕێنماییش بۆ شی کردنەوە مەرجەکان هەیە بۆ ئەوەی لیژنەکان تووشی کیشە نەبن.

گوتەبێژەکەی پارتی باسی لەوەش کرد، ئێمە دەستەیەکمان هەیە بە ناوی چاودێری و بەدواداچوون، ئەو دەستەیە،  کاری چاودێریی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پەیڕەو و ڕێنماییەکانە، بۆیە ئەو دەستەیە لەگەڵ لیژنەی باڵا دامەزراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان، هەروەها بۆ هەر پارێزگایەک لیژنەیەک دانراوە، کە ئەگەر سکاڵا هەبێت لەوێ یەکلایی دەکرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، لەپەیڕەودا بوونی ئافرەتان لە ئۆرگانەکانی حزبدا جەختی لێ کراوەتەوە. دەیان هەزار ئەندام و کادیری ئافرەتمان هەیە، لە بنکەوە تا ڕێکخراو، لە ڕێکخراو تا ناوچە لەوێشەوە بۆ لق و سەرەوەتر دیاری کراوە لەو ژمارەیەی کە دەردەچێت، چەندی دەبێت ئافرەت بێت.

 سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: تاوەکو ئێستە کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەو هەڵبژاردن دیاری نەکراوە، هەرکات کاتەکە دیاری کرا، ئەوکات قسەی خۆمان دەبێت و هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیێنین.

ھەواڵی زیاتر