کاردینال ساکۆ: سوپاس بۆ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان

کاردینال لویس ڕوفائێل ساکۆ پاتریاکی کلدانی لە عێراق و جیهان پەیامێکی سوپاسگوزاری ئاراستەی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ سوپاس و پێزانینم بۆ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە.

پاتریاکی کلدانی بەر لە گەڕانەوەی بۆ بارەگاکەی لە بەغدا، لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی دەکات و دەڵێ؛ دوای کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، سوپاس بۆ ئەو هەڵوێست و پێشوازییە گەرمەی لەلایەن سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە من کرا.

دەشڵێت؛ سوپاستان دەکەم و هەڵوێستتان بەرز دەنرخێنم لە مامەڵەکردنی ڕاست و دروست، وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی تۆڕی ئێکسدا هەڵوێستی بۆ بەدواداچوونی فەرمانەکەی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمار بڵاوکردەوە.

هەر لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی سوپاس بۆ خوا دواجار بەهۆی دەستپێشخەرییەکەی محەممەد شییاع سوودانی هەڵەکان ڕاست کرانەوە، ئەمەش بە پێویستییەکی گرنگ دەزانم بۆ سەقامگیری وڵات، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ چارەکردنی کێشەکان و چاکسازیی دۆخەکان بەدی ناکەم و بەدروست نازانم، جگە لە گفتوگۆیەکی بوێر و حەکیمانە کە هەمووان لەسەری کۆک بن.

کاردینال لویس ڕوفائێل ساکۆ پاتریاکی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕەخنە لە سیستم و سیاسەتی دەسەڵاتدارێتی عێراق دەگرێ و دەڵێ: بەخراپ دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و قورخکردنی دەسەڵات ئاشتەوایی بەدی ناهێنێت. بۆیە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بێت بۆ ئەوە حوکمڕانییەکی باشی دیموکراسیی بۆ خزمەتکردنی وڵات و هاووڵاتییان بەدی بێت.

ھەواڵی زیاتر