نووسەرێکی عێراقی: هەولێر پایتەختی چینی ناوەند و پەناگەیەکی ئارامە بۆ عێراقییەکان

توێژەر و نووسەری عێراقی، سەباح ناهی، لە ڕۆژنامەی ئێندپێندتی چاپی عەرەبی، وتارێکی بە ناو نیشانی “هەولێر پایتەختی چینی ناوەند و پەناگەی عێراقییەکان” نووسیوە و ستایشی خانەخوێی هەولێریشی کردووە بە میوانداریی خێزانە بەغداییەکان و کردنەوەی دەرگا بۆ عەرەب و پێکهاتەکانی ئێزدی، شەبەک و کریستیانەکان.

نووسەر، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە سیاسەتی لێبوردەیی سەرۆک بارزانی کردووە کە بووەتە بنەمایەکی سەرەکی لە سەرکەوتنی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و بوژانەوەی کوردستان، لەم بارەوە نووسیویەتی: سەرکەوتنی کەرتی تایبەت لە وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا، گەشەپێدانی خانووبەرە، بازرگانی ئۆتۆمبێل و گەشەی گەشتیاری، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندییەکی بە پێگەی هەولێر داوە، ئەو تایبەتمەندییانە وایان کردووە هەولێر ببێتە پایتەختێکی دیکە بۆ عێراقییەکان.

هەروەها ئاماژەی داوە، چیتر هەولێر دەروازەیەک نییە بۆ هەڵاتنی ئەو عێراقییانەی لەو ڕاستییە تاڵەی لە ناوەڕاست و باشوور و ناوچەکانی باکووری دەوروبەری مووسڵ هەیە، بەڵکو بووەتە شارێکی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە عێراقییانەی دەیانەوێت لە ئاسایش و سەقامگیریی و ئۆقرەییدا لە وڵاتەکەدا بمێننەوە و بژین، دوای ئەوەی بێزاربوون لە بارودۆخی نیشتەجێبوون لە وڵاتانی عەرەبی و بیانی.

بە گوتەی سەباح ناهی، توێژەر و نووسەری عێراق، هەولێر کە 362 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە دوورە، ڕێگەی گەشت و جێهێشتنی عێراق بۆ عێراقییەکان کورت کردووەتەوە و باوەشی بۆ لە خۆگرتن و داڵدەدانی تەواوی پێکهاتەکان کردووتەوە و هەمووان لە ئارامی و ئاسایشدا دەژین.

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ژیانێکی ئارام و دڵنیایی ڕەخساندووە، هەمووان دەتوانن لە هەولێر ژیانیان خۆشتر و باشتر بێت، بە پێچەوانەی گوزەران و مانەوە لە شارێکی شڵەژاو و پڕ لە کێشمەکێشی تایفی و ئاڵۆزی و لە پایتەخێک کە گەندەڵی و تۆڵە سەندنەوە سەراپای گرتبێتەوە و لەلایەن میلیشیاکانەوە گەمارۆ درابێت لەگەڵ باشوورێک کە نغرۆی گەندەڵی و ئاژاوە و ململانێ بێت.

ئاوارەبوونی زۆرەملێ

نووسەر، وتارەکەی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی داڕشتووە و ئاماژەی بە کۆڕەوی پێکهاتەکان و کەوتنی مووسڵ و شارەکانی دیکەی عێراق لە ساڵی 2014 کردووە، کە بەهۆی داعشەوە پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا لە کریستیان، ئێزدی، شەبەک و پێکهاتەکانی دیکە چوونە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان  و بە ئامێزی کراوە پێشوازییان لێ کرا.

ڕەنگدانەوەی هێزی مرۆیی

سەرکردایەتیی هەرێم کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکرێت، سەرەڕای ناکۆکییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام لاپەڕەکی سپی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەڵدایەوە و تاکە مەرجیش مانەوە و نیشتەجێبوونێکی ئاسایش بووە بۆ هەمووان، هەربۆیە تەواوی ڕێکار و بەربەستەکانی بەردەم نیشتەجێ بوونی نەهێشت و دەرگای کردەوە بۆ هەموو ئەوانەی ئارەزووی گەشت و مانەوە و ژیانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

لێبوردەیی کورد

نووسەر، ئاماژەی بە توێژەرە مامۆستایەکی زانکۆی بەغدا کردووە کە خانووێکی لە هەولێر کڕێوە و باسی لە کەرتی خانووبەرەی هەولێر کردووە و نووسیویەتی ئەم شۆڕشە بۆ سێ دەیە لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و ڕیشەکەی لە دوای جەنگی 2003 لەو سیاسەتەی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرچاوەی گرتووە کە لێبوردەیی بەرانبەر بە لایەنەکان پەیڕەو کرد، ئەمە بووە هەنگاوێک هەولێر ببێتە شارێکی لێبوردەیی، ئەمەش بووە تایبەتمەندییەک بۆ گەشەسەندنی ئابووری، ڕۆشنبیری و جوانترکردنی کۆمەڵایەتیی.

دەرفەتی ئابووری

سەرکەوتنی کەرتی تایبەت و هاندانی وەک فاکتەرێکی سەرەکی، سەرکەوتنێک بوو لە وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا و گەشەپێدانی کەرتی خانووبەرە و بازرگانی ئۆتۆمبێل، دوای ئەمانەش هەرێمی کوردستان بوو بە شوێنێکی گەشتیاری، هەر بۆیە هەولێر بووەتە پایتەختێکی دیکەی عێراق و دەبێت ئەزموونەکەی بۆ تەواوی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگوازرێتەوە.

تێڕوانینی سەرۆک بارزانی لە سەرکردایەتی

نووسەر، لەم بارەوە بۆ مێژوو گەڕاوەتەوە و ئاماژەی بە هەڵوێستێکی سەرۆک بارزانی کردووە لە کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی 2002، نووسیویەتی، سەرۆک مەسعود بارزانی تاکە کەس بوو لەو کۆنگرەیە هەڵوەستەی گوتاری لێبوردەیی و ڕەخنەگرتن لە تۆڵە سەندنەوە کرد، لە کاتێکدا تەواوی هێزە سیاسییەکان وابەستە تۆڵە سەندنەوە بوون.

هەروەها ئاماژەی داوە ئەم هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی بووە بەشێکی سەرەکی لە قۆناغی نوێی کوردستان و بە تایبەتیش هەولێری کردە پایتەختێک کە هەموو عێراقییەک شانازی پێوە بکەن.

کەرنەڤاڵی جەماوەری

لێرەدا نووسەر و توێژەری عێراق، سەباح ناهی، ئاماژەی پێگە مێژووییەکەی هەولێر ڕۆڵی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردووە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەولێر و هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە هاووڵاتییان، بەتایبەت لە میوانانی شارەکە.

نووسیویەتی لە جمووجوڵ و هامووشۆکردنی خەڵک گوێ بیستی ئاخاوتن و زمانە جیاوازەکانی تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکان دەبیت کە تێکەڵبوونێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە بە ئارامی و ئاشتەوایی.

نیو ملیۆن گەشتیار

لە جەژنی قورباندا نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیاری عێراقی بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن سەردانی ناوچە گەشتییارییەکانی هەولێریان کردووە، ئەمەش بەڵگەیە لە سەر  ژیانی سەقامگیر و هاوسەنگ لە نێوان چین و توێژەکانی ئاستی ناوەند کە حەز بە ژیان لە ئاسایش و سەقامگیریی دەکەن.

بڕینی مووچە و ئاستەنگی ژیان

لێرەدا نووسەر سەباح ناهی، ئاماژەی بە مووچە و قوتبڕینی فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە لەلایەن حکوومەتی عێراق و نووسیویەتی: ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆی پەرلەمانی عێراقە کە بەسەر زۆرینە و کەمینە دابەش بووە و چەندین بڕیاری نادادپەروەرانە دەر دەکات.

ھەواڵی زیاتر