وەک هەموو ساڵانی پێشوو و دەهۆڵ بە سەرپەرشتی هونەرمەند زیرەک ژێدار بەشداریان کرد لە فیستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە شاری بێرمنگهام لە ووڵاتی بەریتانیا. لە نمایشەکەیاندا کە وەک گرووپێکی سەرەکی لە فیستیڤاڵەکدا بەشداربوون چەندین گۆرانی و میوزیکی رەسەنی کوردیان بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە پێشکەش کرد و، تەواوی ئامادەبووانیان هێنایە جۆش و خرۆش. شایەنی ئاماژەیە لەم فیستیڤاڵەدا زیاتر لە ١٠ نەتەوەی جیاواز بەشداربوون بەمەبەستی نمایشی کلتووری نەتەوەییان و گرووپی دەهۆڵیش یەکێک بوون لە نوێنەری نەتەوەکەیان وەک کورد و کوردستان.
رێکخراوی هونەری دەهۆڵ لە ساڵی ٢٠٠٤ لەسەر دەستی هونەرمەند زیرەک ژێدار لە شاری بێرمینگهام دامەزراوە، بەمەبەستی کۆکردنەوەی هونەرمەندانی کورد لە ووڵاتی بەریتانیا و نمایشی کلتووری کوردستان بکات لە بۆنە و فێستیڤاڵە نیودەوڵەتییەکان.
ئەم رێکخراوە جگە لە سازدان و بەڕێوەبردنی ئاهەنگە کوردییەکان بۆ رەوەندی کوردی لە بەریتانیا، ساڵانە بەبەردەوامی بەشدارە لە بۆنە و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان لەسەرتانسەری بەریتانیا بە مەبەستی ناساندن و پیشاندانی کلتووری کورد و کوردستان بە نەتەوە نێودەوڵەتییەکان..
شایەنی ئاماژەیە، ئەندامانی دەهۆڵ هەمیشە بە گۆرانی و میوزیکی رەسەن و جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداری بۆنە و فێستیڤاڵەکانی بەریتانیا دەکەن.
دەهۆڵ توانیوییەتی ببێتە بالیۆزێکی باشی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا و تاوەکوو ئێستا لە رێگەی ئەم رێکخراوە خەڵکانێکی زۆر لە نەتەوە جیاوازەکان ئاشنایەتییان لەگەڵ کوردستان و کلتوورەکەی پەیداکردووە. رێکخراوی دەهۆڵ بە سەرپەرشتی زیرەک ژێدار لە ساڵی ٢٠٠٦ توانی فێستیڤاڵێک لە شاری بێرمینگهام سازبکات بە ناونیشانی (لەبۆنی سێودا) کە فێستیڤاڵەکە تایبەت بوو بە ناساندنی کارەساتی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە بە نەتەوە جیاوازەۆانی دانیشتووی بەریتانیا.
هەر ئەم رێکخراوە توانی گروپێکی هەڵپەڕکێ بۆ لاوانی دانیشتووی بێرمینگهام دامەزرێنت کە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لاوان و گەنجان سەرقاڵی راهێنانی هەڵپەڕکێی کوردی و نمایش کردن بوون لە بۆنە و فیستئڤاڵەکاندا.
بۆ ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو دەهۆڵ وەک گرووپێکی سەرەکی بەشدارە لە فیستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران کە زیاتر لە ١٠ نەتەوەی جیاواز بەشدارن بەمەبەستی نمایش و ناساندنی کلتووری گەل و ووڵاکەیان. .