شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

ئەمساڵ لە ڕووبارەکانی ئیدارەی سۆران شەش کەس خنکاون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمساڵ لە ڕووبارەکانی سنووری ئیدارەی سۆران شەش کەس خنکاون، بە دەیان کەسیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی ناوچەکە ڕزگار کراون.

بەرزیی پلەکانی گەرما وایکردووە، ڕۆژانە سەدان کەس ڕوو لە چەم و ڕووبارەکانی سنووری ئیدارەی سۆران بکەن بەمەبەستی خۆ فێنککردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە کەشوھەوای فێنکی ناو ڕووبارەکاندا.
سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، قەزاکانی سۆران، مێرگەسۆر، ڕواندز، چۆمان، خەلیفان و سیدەکان لەخۆ دەگرێت، بەپێی ئەوەی ناوچەکە کوێستان و شاخاوییە و ڕووبار و سەرچاوەی ئاوی لێیە، ساڵانە بە ھەزاران گەشتیار و ھاووڵاتی بۆ گەشت و سەیران ڕووی تێدەکەن، ئەوەش زۆرجار بەھۆی ناشارەزایی لەم شوێنانە و نەزانینی مەلە ڕووداوی خنکانی لێ کەوتووەتەوە، بەگوتەی بەرپرسانی بەرگری شارستانی زۆربەی گۆم و ڕووبارەکان جێگەی مەترسین و پێویستە ھاووڵاتییان مەلەی تێدا نەکەن.
مقەدەم کاروان میرئاودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، دەڵێت: ئەمساڵ تا ئێستا شەش ھاووڵاتی لەناو ڕووبارەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان خنکاون، کە تیمەکانمان چەندین ڕۆژ لە گەڕان بەردەوام بوون بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیان، کە تا ئێستا تەرمی کچێکی پازدە ساڵ نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوای تەرمەکەی دا بەردەوامە، ھەروەھا چەند کەسێکیش لە خنکان ڕزگار کراون.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، دەشڵێ: بابەتەکانی خنکان لە سنووری جوگرافیای ئێمە بەپێی زۆری ڕێژەی گەشتیار لە زیادبووندایە.