شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

تەنیا لەمساڵدا حکوومەت ٣٣ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گرنگ و گه‌شتیاریی لە سۆران جێبەجێ کردووە

چواس خالید – هەولێر

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕایگه‌یاند، له‌ ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی قورباندا، زیادتر له‌ سه‌د و سی هه‌زار گه‌شتیان سه‌ردانی سنووری سۆرانیان كردووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ زیادتر له‌ بیست هه‌زاریان گه‌شتیاری بیانی بوونه‌.

٢٣ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا دكتۆر فه‌یسه‌ڵ سادق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ و بازگه‌كانه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌، له‌ ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی قورباندا، سه‌د و سی هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانیان كردووه‌.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وا‌نییه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئاشكرای كرد، له‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ سه‌ردانی ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كانیان كردووه‌، زیادتر له‌ بیست هه‌زار گه‌شتیاریان بیانی بوونه‌، واتا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاتوونه‌، ئه‌وه‌ جیا له‌و گه‌شتیارانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ هاتوون.
دكتۆر فه‌یسه‌ڵ سادق، هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، زیادتر له‌ په‌نجا هه‌زار گه‌شتیار به‌ شه‌و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی سنووری ئیداره‌ی سۆران، ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی و چۆمان ماونه‌ته‌وه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران دڵخۆشی خۆی به‌رانبه‌ر به‌و ژماره‌یه‌ی گه‌شتیاران پیشاندا و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، پێشبینی هاتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌یه‌ی گه‌شتیارانمان كردبوو، له‌به‌ر دڵڕفێنی و كه‌شوهه‌وای سازگاری ناوچه‌كه‌.
ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، سه‌ر به‌پارێزگه‌ی هه‌ولێره‌ و له‌ ناحییه‌كانی سۆران، دیانا، خه‌لیفان، سیده‌كان پێكدێت و سێ سه‌د و چل و شه‌ش گوند له‌و سنووره‌دا هه‌ن.
له‌ ٢٨\٥\٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانی كرد و له‌ مه‌ڕاسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی چوار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گرنگ له‌ سنووره‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، ده‌ڤه‌ری سۆران ده‌كه‌ینه‌ هاوشانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ جیهانییه‌كان.
مه‌سرور بارزانی گوتی، “ده‌ڤه‌ری سۆران یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ ستراتیجییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی، جیا له‌وه‌ی هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێران، له‌ڕووی گه‌شتوگوزاره‌وه‌ پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌ و ده‌كرێت ڕۆڵێكی دیار له‌ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووری بگێڕێت، له‌ بواری گه‌شتیاریدا زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری هه‌یه‌ و سه‌رقاڵی داڕشتنی دواقۆناغه‌كانی پلانی هه‌ندێك پڕۆژه‌ی گه‌شتیارین كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌جۆرێك پێش ده‌خات، هاوشانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ گرنگه‌كانی جیهان بێت و هه‌زاران ده‌رفه‌تی كار ده‌ڕه‌خسێنێت.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌دوای ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌م سنووره‌ جێبه‌جێكراوه‌ و پڕۆژه‌ی زیادتر و گه‌وره‌تریش له‌ پلان و به‌رنامه‌ی ئێمه‌دایه‌ بۆتانی بكه‌ین، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوو بۆ ئێمه‌ دروستكران، نه‌یانهێشت وه‌ك پێویست خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ گه‌شبینین، به‌ خۆڕاگری و پشتیوانی خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان، هه‌موو قه‌یران و كێشه‌كان تێده‌په‌ڕێنین و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش زیادتر ده‌بووژێته‌وه‌.
به‌ پێی ئاماره‌كانی به‌رده‌ست، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا، سی و سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گرنگ و گه‌شتیاری به‌ گوژمه‌ی بیست و یه‌ك ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران خراونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا پڕۆژه‌گه‌لێكی دیكه‌ ڕه‌زامه‌ندی بنیاتنانین ده‌درێت.