دەستەی گەشتوگوزار: نزیکەی 600 هەزار گەشتیار لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان ئاماری گەشتیارانی دەرەوە و ناوخۆیی لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: نزیکەی 600 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، 358 هەزار و 331 گەشتیار لە دەرەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: هەر لە ماوەی پشووی جەژنی قورباندا، زیاتر لە 250 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی سەردانی ناوچە و شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێش جەژنی قوربانی، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پێشبینی کردبوو، 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هەروەها دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران پلانێکی تایبەتیان هەبوو، ڕای گەیاندبوو: تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان، هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانتەکان کراوە دەبن بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا سەرەڕای ئەوەی وەرزی گەشتیاری نەبووە، بەڵام زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پێشبینیش دەکرێت بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە هەشت ملیۆن گەشتیاری دەرەوە و ناوخۆیی بێنە هەرێمی کوردستان.

بەراورد بە 5 ساڵی رابردوو، ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دوو بەرامبەر و زیاتر بەرز بووەتەوە، ساڵی رابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، پلانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ڕاکێشانی 20 ملیۆن گەشتیارە لە ساڵێکدا بەهاتنی ساڵی 2030.

ھەواڵی زیاتر