سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کرد

یەکشەممە، 23ی حوزەیرانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئاندرو دیزلی، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کرد. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکە دا کە ڕۆزی کەیڤ، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوو، “سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرکی نوێیدا، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا دا و هیوای خواست پەیوەندییەکان بەردەوام بن و زیاتر بەرەوپێش ببردێن”.

لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد و باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و ئامادەی خۆی نیشان دا بۆ بەردەوامیدان و باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

ھەواڵی زیاتر