گەرمیان گلی – ههولێر
ڕێگای قەڵادزێ کە دەڕوا بەرەو دارەشمانە، ڕێگایەکی کۆنە و چاڵی زۆری تێدایە و ڕێگاکە شەقی بردووە، ئاستەنگی زۆری هاتووچۆی دروستکردووە، بۆیە دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە و قیردەکرێتەوە. ئەو ڕێگایە بەدووری دە کیلۆمەتر، ڕێگای سەرەکی مەرزی کێلێ و گوندی دارەشمانە نۆژەن دەکرێتەوە و هەوڵ دەدرێت پێش وادەی خۆی تەواو بکرێت.
تارق خدر، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی راپەڕین، ڕایگەیاند: پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای قەڵادزێ بۆ دارەشمانە بەدرێژی دە کیلۆمەتر نۆژەن دەکرێتەوە، ئێستا دەستکراوە بە کارکردن تیایدا و لەلایەن کۆمپانیای کاوە جێبەجێ دەکرێت، سەرپەرشتی پڕۆژەکەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕینەوە دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: ڕێگاکە قیرە و بەهۆی کۆنیەوە ئاستەنگی زۆری بۆ شۆفێران و گوندنشینان دروستکردبوو، ئەو قیرە کۆنەی چەند ساڵە هاتووچۆی بەسەردا کراوە هەڵیدەکەنن و لا دەبرێت، دواتر قیری دەکەنەوە، بەشێکی رێگاکەش ڕێگای مەرزی کێلێیە و بارهەڵگرەکان هاتوچۆی پێدادەکەن، لەئێستادا بەهۆی کارکردن تیایدا شوفێران دەبێت لە ڕێگای گوندی دیکەوە هاتوچۆ بکەن. هەروەها ماوەی پڕۆژەکە ٣٠٠ ڕۆژە، گەر گرفتی قەیرانی داراییمان بۆ دروست نەبێت، هەوڵدەدەین پێش وادەی خۆی تەواوی بکەین، لەبەر ئەوەی ڕێگای سەرەکی مەرزی کێلێیە و هاتوچۆی زۆرێک لە گوندەکانی بەسەرەوەیە.
پڕۆژەکە بەگوژمەی دوو ملیار و هەشت سەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، ڕێگاکە نزیکی ٥٠ گوندی بەسەرەوەیە، لەگەڵ ڕێگای سەرەکی مەرزی کێلێ، هاتوچۆی بەردەوامی لەسەرە و گرنگی زۆری هەیە.