یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ســــەخــــــتتر بووە

یەکێک لە هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ماددە هۆشبەرەکانە. بەشێوەیەک ئەگەر توندوتۆڵی بازگەکان و چاوکراوەیی هێزەکانی ئاسایش نەبووایە ئێستا هەرێمی کوردستان دەبووە ناوچەی سووری مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستانەوە.

ئامارەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ڕابردوو، نزیک دەبووەوە لە هەزار تۆمەتبا. بەڵام ئەمساڵ پێدەچێت ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت و تەنیا لە نیوەی ئەمساڵدا هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، لە لێدوانێک ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە ؛ لە زیاتر لە هەزار کەس کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، 572 کەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون”.
بەپێی ئامارەکان لە ساڵی پاریشدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕێژەی دەستگیرکراوان زیاتر بوون.
جگە لە ماددە هۆشبەرەکان، تیمەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ماوە ماوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی جۆراوجۆردا دەگرن کە گومان دەکرێت ئالوودەی ئەو حەبانە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان کەم نەبێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت هاوکاری و هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ پارێزگاکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق هەیە و لە ماوەکانی ڕابردوودا بە هاوکاری و هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای موسڵ دەستگیر کران.