یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

لە ماوەی ١٦ مانگدا ٢١٨ قاوەخانە لە ئامەد داخراوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

كاریگەریی بوومەلەرزەكەی مەڕاش و قەیرانی دارایی لە توركیا و باكووری كوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی لە ماوەی ١٦ مانگدا ٢١٨ قاوەخانە لە ئامەد دابخرێت.
قەیرانی دارایی لە باكووری كوردستان، رۆژ لە دوای رۆژ سەختتر دەبێت، هەروەها رێژەی بێكاریش لە هەڵكشانە، ئەمە وای كردووە، كاسبكاران نەتوانن وەكوو پێویست كار بكەن و قازانج بكەن، بۆیە دەیان قاوەخانە لەو شارە داخراوە.

سەرۆكی ژووری قاوەخانەكان و چایەكانی ئامەد، رەخنە لە حكوومەت دەگرێت، كە ئەو كرێدییەی خاوەنی قاوەخانەكان لەدوای بوومەلەزەكەی مەڕاش وەریانگرتووە، فایزی زۆری دێتە سەر، ئەمەش وای كردووە، خاوەن قاوەخانەكان نەتوانن درێژە بەكار بدەن و دایدەخەن.
لەبوومەلەرزەكەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، كە چەقی بوومەلەرزەكە مەڕاش بوو و كاریگەریی لەسەر ١١ شاری توركیا هەبوو، یەكێك لەوانە ئامەد بوو و ٥ هەزار و ٤٨٤ شوێن لەگەڵ زەوی تەخت بوو، بەشێكی زۆریان قاوەخانەكان بوون.
سەركۆماری توركیا، بڕیاریدا هەموو ئەو شوێنانەی زیانیان بەركەوتووە، كرێدییان بدرێتێ و پاشان بیدەنەوە و سووی نەیەتە سەر، بەڵام ئامەد لەو لیستە دەرهێنراوە، كە پێویستە سووی ئەو قەرزەی لە بانكەكاندا كردوویانە بسڕێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سایتی (ئامیدە) بڵاوی كردووەتەوە، دوای بوومەلەرزەكەی ٦ی شوبات، بەبڕیاری سەركۆماری توركیا، هەموو ئەو ١١ شارەی كاریگەریی ئەو بوومەلەرزەیان لەسەر بوو، بۆیان هەبوو لە بانكەكان قەرز وەربگرن بەبێ سوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو، ناوی ئامەد دەرهێنراوە و بەبێ سوو بۆیان نییە قەرز لە بانكەكان وەربگرن بۆ نۆژەنكردنەوەی قاوەخانەكانیان، ئەمەش ئامەدییەكانی نیگەران كردووە.
خاوەن قاوەخانەكان دەڵێن، دەبێت لەگەڵ دانەوەی ئەو قەرزەی لە بانكەكان وەرمان گرتووە، بەشێك لە سووش بدەینەوە، بۆیە مانگانە ئەو بڕە پارەیەمان بۆ نایەت و لەسەر قەرز كار دەكەین و ناچارین دایبخەین.
عەبدولڕەحمان كاڤووت، سەرۆكی ژووری قاوەخانەكان و چایەكانی ئامەد، دەڵێت لە تەواوی ئامەد ٨٠٩ قاوەخانە ناویان لەلای ئێمە هەیە و كار دەكەن، بەڵام لەدوای بوومەلەرزەكەی ٦ی شوبات، ئەو قاوەخانانە دووچاری زیانێكی زۆر بوونەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو پارەیەی لە بانكدا قەرزیان كردووە، سووی هاتووەتە سەر، بۆیە لە ماوەی ١٦ مانگدا ٢١٨ قاوەخانە داخراون.
كاڤووت قسەی بۆ ئاژانسی (دیوار)ی توركی كردووە، داوا دەكات بەزووترین كات، سوو لەسەر ئەو خاوەن قاوەخانانە بسڕێتەوە كە پارەیان لە بانك وەرگرتووە بۆ نۆژەنكردنەوەی قاوەخانەكانیان، چوونكە كرێی دوكان و كارەبا و گازی سرووشتیی، وایان لێدەكات، قاوەخانەكان دابخەن.
راستە لە بوومەلەرزەكەی ٦ی شوبات، رێژەی مردن لە ئامەد كەم بوو، بەڵام بە دەیان باڵەخانە رووخان و زیانە مادییەكەی زۆر زۆر بوو.