پارێزگاری هەولێر: ئەو کەسەی قەیسەریی هەولێری سووتاند، دەستگیرکراوە

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بە خێرایی بەڕێوە دەچێت، تاوەکو کاسبکاران بتوانن زووتر بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاتێک بازاڕی قەیسەریی هەولێر سووتا، ڕۆژێک دواتر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی قەیسەریی کرد و ئێمەی لە دامەزراوە پەیوەندارەکان ڕاسپارد کە بەزووترین کات دەست بە نۆژەنکردنەوەی بەشە سووتاوەکەی بکەین.

گوتیشی: ئێمە بە تەندەر پڕۆژەکەمان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بەخێرایی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دەست پێ بکرێت، بەوهۆیەوەش پرۆژەکە بە دوو کۆمپانیا درا، تاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە و لەزووترین کاتدا بازاڕەکە نۆژەن بکرێتەوە.

 پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، هەردوو کۆمپانیاکە، ڕۆژێک دوای وەرگرتنی تەندەرەکە دەستیان بە کارەکانی خۆیان کرد، ئێستا پرۆسەکە زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و سێ شفت کاری تێدا دەکرێت هەروەها لە ڕۆژانی پشووشدا کاری تێدا دەکەن.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ سەردانی پرۆسەکەمان کردووە تاوەکو دڵنیایی بە کاسبکاران بدەین کە ئەو پرۆژەیە لە ماوەی یاسایی خۆی زووتر تەواو دەبێت، دەشڵێ، ماوەی یاسایی تەواکردنی پرۆسەکە ساڵێکە بەڵام ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە بە نیوەی ئەوکاتە واتە بە شەش مانگ  نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر گوتی: “ئەنجامدەری سووتانی بازاڕی قەیسەری دەستگیرکرایە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی چیرۆکەکە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکەین”. 

ڕاشیگەیاند، گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و جەختیش دەکەینەوە، بۆ هاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک و تابلۆ و باجی سەدا 50 بۆ ساڵی 2023 و %100ی ساڵی 2024 خۆش دەبین.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

ھەواڵی زیاتر