وه‌زیری په‌روه‌رده‌: ھەر کەسێک دزە بە پرسیارەکانی پۆلی 12 بکات سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت

بە بەشداری زیاتر لە 122 هەزار قوتابی لە بەشەکانی، زانستی، وێژەیی و پیشەیی، تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 لە هەرێمی کوردستان  دەستی پێکرد.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، ئالان حەمەسەعید و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەولێریان کرد و لە نزیکەوە چاودێری دەستپێکی پڕۆسەکەیان کرد.

ئالان حەمەسەعید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە کۆی ئەو قوتابییانەی بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکان دەکەن بریتین لە 122 هەزار و 15 قوتابی و بەسەر دوو هەزار و 115 هۆڵ دابەشکراون.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئالان حەمەسەعید گوتیشی: “پێش تاقیکردنەوەکان ھیچ حاڵەتێکی گزیکردن نەبووە، هەروەها لە دووساڵی ڕابردووشدا دەزگا ئەمنییەکان هاوکاربوونە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە، هاوکات ئێمە تیمێکی چاودێرمان ھەیە لە وەزارەتی پەروەردە، ئەو تیمە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاسایش، تەواوی ئەو پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ئەوان بەکاریدەهێنن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت وھەر کەسێکیش دزە بە پرسیارەکان بکات، دەدرێت بە ئاسایش و وەزارەتی پەروەردەش بە فەرمی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات”.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو گوتی: “لە سنووری پارێزگای ھەولێر، 39 ھەزار و 539 قوتابی پۆلی12 بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن و بەسەر 681 ھۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەش بوون”.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: “لە مانگی ئادارەوە ھەموو زەمینەسازییەکمان کردووە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ قوتابیان دابین بکەین. ھەروەھا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئامێری فێنککەرەوە و کارەبای بەردەوام و ئاوی خواردنەوەمان بۆ قوتابیان دابین کردووە”.

ھەواڵی زیاتر