سەردەمی کتێبسازی

ئارام کۆشکی

دونیای نوێ چەندە هەڵگری تەکنیک و ئاسانکاریی نوێیە و لە ڕووکاردا وەکو سەردەمی پێشکەوتن و دەستگەیشتنی ئاسان بە زانست و زانیاری دەردەکەوێت، بەڵام لەبەرامبەردا سەردەمێکە زۆربەی شتەکان بەهای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن و لە فۆڕمێکی دیکەدا لەدایک دەبنەوە. کاتێک ئالان دۆنۆ، ئەم سەردەمە بە سەردەمی پڕووپووچی ناودەبات و بیرمەندانی دیکە وەکو سەردەمێک، کە نمایش جێگەی ئەکتی ڕاستەقینە دەگرێتەوە. ئیدی نووسەرانیش لەو گێژاوەدا ون دەبن، یان بەجۆرێک لە جۆرەکان گیرۆدەی ئەو دۆخە دەبن، یان فرویوی سەردەمەکە دەخۆن و ڕۆڵیان لە نووسەرەوە دەبێتە کتێبساز. واتە هەموو سەردەمێک کۆمەڵێک ئاسەواری نەرێنی لە هەموو بوارەکاندا بەجێدەهێڵێت کە تاساڵانێکی زۆر کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکان دەمێنێتەوە.
یەکێک لەو لایەنانەی کە ئەم سەردەمە کاریگەریی گەلێک نەرێنی لێ کردووە کولتوورە، کە بەدیوێکدا هونەری بازاڕیی و فیگۆری بازاڕیی بوونەتە سیمای سەردەمەکە. لەم نێوانەشدا کتێب و ڕۆشنبیریی پریشکێکی زۆریان بەرکەوتووە و لێشاوێک لە کتێبساز بەناوی نووسەرەوە هەمیشە لە هەوڵی زۆرکردنی ژمارەی کتێبەکانیان و کتێب چاپکردندان، بەبێ ئەوەی لە جەوهەردا ئەو بابەتانەی دەکرێنە کتێب هەڵگری بیرێکی نوێ و شایستەی ئەوە بن، کە بەشێوەی کتێب چاپ ببن. ئەگەر ورد سەرنج بدەین ئێستا ژمارەی کتێبسازەکان گەلێک زیاترە لە ژمارەی نووسەرەکان. نووسەرەکان ساڵی جارێک، یان بە چەند ساڵ جارێک (هەڵبەت دوور لە حاڵەتی ئاوارتە) کتێبێک دەنووسن و چاپ دەکەن، بەڵام کتێبسازەکان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کتێب پێکەوە بڵاو دەکەنەوە بەبێ ئەوەی نووسەر بن، چونکە ئەوان پەیامیان ئەوەیە وەکو نووسەر بناسرێن نەک خودی خۆیان نووسەربوون. بۆ ئەوەی قسەکان تیۆری نەبن، نموونەیەکی بچووک دەهێنمەوە، کە ئەمە نموونەیەکی دیاری نووسەرێکی دیارە، کە خۆی بە ئەکادیمیستش دەزانێت.
یەکێک لەو کتێبانەی دەکرێت وەکو نموونەیەکی زەقی ئەم بوارە ئاماژەی پێ بدەین (بێگومان دەیان نموونەی دیکەش هەن) کتێبی “لەبارەی تەنیاییەوە”ی قانیع خورشیدە. لە لاپەڕەی ناسنامەی کتێبەکەدا. ناوی قانع خورشید-ی وەکو نووسەر ئاماژە پێ کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بەڕێزە تەنها لە 30 لاپەڕەدا ئامادەکارە، نەک نووسەر. واتە ئەوەی دیکە کە لە کتێبەکەدایە نووسینی کەسانی دیکەن بەشێکی خۆی وەریگێڕاوە و بەشێکیشی کەسانی دیکە وەریان گێڕاوە، بەڵام لە کۆتایی هەر دەقێکدا چەند پەرەگرافێکی وەکو سەرنج و ڕانان نووسیوە. واتە 247 لاپەڕەییدا ئەم مامۆستا بەڕێزە تەنها لە 30 لاپەڕەدا هەندێک سەرنجی سەرپێی و ڕووکەشی لەبارەی تەنیاییەوە خستووەتەڕوو و لەگەڵ شرۆڤەیەکی کورت لەبارەی هەر دەقی نووسەرێک کە لە کتێبەکەدا دانراوەتەوە. کاتێک سەیری ئەم کتێبەم کرد ئەوەی یەکەم شت بە خەیاڵمدا هات نووسەریی نەبوو، بەڵکو کتێبسازیی بوو.
هەڵبەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمەکانی دیکەشی دەبینین ئەمە یەکەم کتێبی ئەم بەڕێزە نییە، کە بەمشێوەیەیە، بەڵکو ئەو پێشتریش لەسەر ئەم “کتێبسازیی”ـە کاری کردووە و ئەو لە کتێبە چەند بەرگییەکەیدا بەناوی “بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن”، دەردەدڵ و وڕێنە و هەڵچوونەسۆزدارییەکانی رۆژانەی کردووەتە کتێب و لە چەند بەرگیدا بەچاپی گەیاندووە. (من پێشتر بە وردی ڕەخنەی ئەم کتێبەم کردووە).
لێرەدا دەمەوێت بە سەرنجێکی کورت جیاکاریی لەنێوان کتێبساز و لە نووسەر “کتێبنووس”دا بخەمەڕوو. کتێبساز هەموو هەوڵی ئەوەیە وەکو نووسەر ناوی بهێنرێت، یان پێگەی نووسەربوونی هەبێت و نووسەربوون خەونی هەموو کتێبسازێکە. بەڵام نووسەری ڕاستەقینە لە هەوڵی ئەوەیە ئایدیایەکی تازە بگەیەنێت، ئیدی بۆی گرنگ نییە وەکو نووسەر دەناسرێت یان نا. واتە نووسین و سووتان لەپێناو وشەدا خەونی هەمووو نووسەرێکە، نەک نووسەربوون. بەڵام کتێبساز، هەوڵ و تەقەلای بۆ نووسەربوونە، کە دەیخاتە پێش هەموو خاڵێکی دیکەوە.
ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە سەردەمەکە بەرەو سەردەمی “کتێبسازی” ڕۆیشتووە. سەردەمێک کە نووسەران لە پەراوێزدان و کتێبسازان بە لێشاو کتێب ساز دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی مەعریفی و هیچ بزاوتێکی کولتووریی بخاتەگەڕ.

ھەواڵی زیاتر