خەزێنەی ئەمەریکا: سزا نوێیەکانی واشنتن بۆ سەر مۆسکۆ 300 کەس و قەوارەی ڕووسیا دەگرێتەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر مۆسکۆ کاریگەرییان لەسەر زیاتر لە 300 کەس و قەوارەی یاسایی لە ڕووسیا، ئەوروپا، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا هەبووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، کارگە و پەیمانگاکانی توێژینەوە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ڕووسیا کەوتوونەتە ژێر سنووردارکردنی ئەمەریکاوە.

لیستی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووسیا ئەو لایەنانە دەگرێتەوە وەک “سەنتەری نیشتمانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان، کۆمپانیای نۆڤاتک کاشیرا بۆ گازی سروشتی، پڕۆژەی مورمانسک بۆ گازی سروشتی، کۆمپانیای ئاور رێدمیت، کۆمپانیای ئامێری بارهەڵگر کە سەر بە کارگەی ئۆرال ڤاگۆن زاڤۆدە، کۆمەڵگەی کانزای ئاموور، کۆمپانیای بالتاماش، پەیمانگای ئۆمسک بۆ توێژینەوەی ئامێرەکان ئەندازیاری، کۆمپانیای بزوێنەری کارەبایی ڕووسی”.

هەروەها لە لیستی سزاکاندا کارگەکانی “کیرۆڤ ئینێرگۆماش، کارگەی ئەندازیاریی میکانیکی مورۆم، کۆمپانیای ئۆبۆرۆن ئاڤتۆ، کۆمپانیای ئۆلۆڤینایا ڕودنایا، پەیمانگای توێژینەوەی کیمیایی کارپێکراو، کۆمپانیای گوس زنناک، مۆرسترۆی” لەخۆدەگرێت.

وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا سزاکانی درێژکردۆتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای بیمەی سۆگاز و هەروەها گازپرۆم ئینڤێست و سەنتەری زانستی ڕۆبۆتەکان و زانستی ئەلیکترۆنی بگرێتەوە.

لە سەرەتای دەست پێ کردنی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ـی شوباتی 2022، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە و پاڵپشتی دارایی و سەربازیشیان پێشکەش بە کیێڤ کردووە.

لە بەرامبەردا، ڤلادیمێر پوتین، پێشتر جەختی لەوە کردبووە، کە سیاسەتی کۆنترۆڵکردن و لاوازکردنی ڕووسیا ستراتیجییەکی درێژخایەنە بۆ ڕۆژئاوا و کاریگەریشی نابێت، ئاماژەی بەوەش کرد، سزاکان گورزێکی جیددییان لە تەواوی ئابووریی جیهانی داوە، هەروەها ڕۆژئاواش بەدوای لەناوبردنی ژیانی ملیۆنان کەسە.

ھەواڵی زیاتر