شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا بە گەرمی پێشوازی لە پارێزگاری هەولێر کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و شاندێکی یاوەری لەچوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمییە)ی کرد و لەلایەن محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمییە) بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.

لەدیدارەکەدا کە نەسرووڵا ڕەشنوودی سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە.

لای خۆشییەوە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمییە) وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری، تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی جمجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی لەوبارەیەوە نیشان دا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر دیاریی پێشکەش بە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمییە) کرا و ئومێد خۆشناو بە فەرمی بانگهێشتی بەڕێزیانی کرد کە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.