شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

چه‌ند ڕێنماییه‌ك بۆ خۆپارێزی له‌ مه‌ترسییه‌كانی هه‌وره‌بروسكه‌


له‌كاتێكدا له‌م وه‌رزه‌ی ساڵ كه‌ ناسراوه‌ به‌ وه‌رزی دابارین له‌ نیوه‌گۆی به‌شی باكووری گۆی زه‌وی، كاتی بیستن و بینینی هه‌وره‌بروسكه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وره‌كان و ساڵانه‌ چه‌ندین كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان به‌هۆی هه‌وره‌بروسكه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، سادق عه‌تییه‌، كه‌شناسی پیشكه‌وتووی عێراقی چه‌ند رێنماییه‌ك بۆ خۆپارێزی له‌ مه‌ترسییه‌كانی هه‌وره‌بروسكه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

عه‌تییه‌ رێنماییه‌كانی له‌ چه‌ند خاڵێكدا له‌ پۆستێكدا له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به‌رچاو كردووه‌ و رێنمایی بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانن به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌:

یه‌كه‌م/ ئه‌گه‌ر له‌ماڵه‌وه بوویت:

– ئامێری ته‌له‌فۆنی ته‌لدار به‌كارمه‌هێنه‌، ته‌نها له‌ حاڵه‌تی فریاگوزاریدا نه‌بێت و له‌و حاڵه‌تانه‌دا له‌ ناو ماڵ و باڵاخانه‌كان به‌كارهێنانی ئامێری بێته‌ل و مۆبایل سه‌لامه‌تترن.

– كاره‌با له‌سه‌ر هه‌موو ئامێره‌كانی وه‌ك كۆمپیوته‌ر و سپلیت و ئامێره‌كانی دیكه‌ بپچڕێنه‌، چونكه‌ ئه‌و ته‌زووه‌ی له‌ هه‌وره‌بروسكه‌ ده‌رده‌چێت زۆر مه‌ترسیداره‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی كاره‌باوه‌ زیانێكی گه‌وره‌ بگوازێته‌وه‌ ناو ماڵ و بینایه‌كان.

دووه‌م/ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ بوویت:

ـ خۆت له‌ به‌كارهێنانی مۆبایل به‌دوور بگره‌ و له‌ ستوونه‌كانی كاره‌با و دره‌خته‌كان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی داچه‌قیون دوور بكه‌وه‌ره‌وه‌ و ئه‌و چه‌ترانه‌ش به‌كارمه‌هێنه‌، كه‌ سه‌ره‌كه‌یان له‌ كانزا دروستكراون.

– خۆت بگه‌یه‌نه‌ ناو باڵاخانه‌یه‌ك یانیش ناو ئۆتۆمبیلێك.

– له‌ شوێنه‌ كراوه‌كان یانیش دارستانه‌كان خۆت بگه‌یه‌نه‌ره‌ شوێنه‌ نزمه‌كان، وه‌ك ئه‌و شوێنانه‌ی دره‌ختی بچووك به‌ چڕی لێیان رواون.

– ئه‌گه‌ر تۆ له‌شوێنێكی كراوه‌ بوویت، بكه‌وه‌ سه‌ر سك و له‌ شێوه‌ی تۆپه‌ڵه‌ خۆت خڕبكه‌ره‌وه‌.

– ئه‌گه‌ر تۆ له‌ناو ده‌ریا بوویت، هه‌وڵ بده‌ خۆت بگه‌یه‌نیته‌ وشكانی.

– ئه‌گه‌ر خه‌ریكی پاسكیل سواری یان ماتۆڕسواری بوویت، وه‌ره‌خواره‌وه‌ و لێی دووركه‌وه‌.

– ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوون، هه‌وڵ بده‌ن لێك جیا ببنه‌وه‌.

– ئه‌گه‌ر تێبینیت كرد مووه‌كانی قژت به‌ ستوونی وه‌ستاون، ده‌ستبه‌جێ و به‌په‌له‌ له‌شێوه‌ی تۆپه‌ڵه‌ بكه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و هه‌ردوو چۆكت بگه‌یه‌نه‌وه‌ سنگت.

– ئه‌گه‌ریش قژت نه‌بوو و سه‌رت رووتاوه‌ بوو، شوكری خودا بكه‌.