حەیان عەبدولغەنی: لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم دەگەینە ڕێککەوتن

ڕۆژی9ـی حوزەیرانی 2024، کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی نێوان، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، بەبێدەنگی بەڕێوەچوو. تێیدا حەیان عەبدولغەننی وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانیان هەیە و پێشبینی دەکەن، لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگەنە ڕێککەوتن. ئەمەش لەکاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەپیکوریش ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دووپاتکردووەتەوە.

کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە لە بەغدا بە داخراوی کراوە، ئامانج لەو کۆبوونەوە سێقۆڵییەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، دانانی میکانیزمی چارەسەر بوو، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق تورکیا.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێککەتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە، بە گەشبینییەوە باسی لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە کرد و ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکان هەیە و پێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگەنە ڕێککەوتن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستانیش، گەشبینن بەوەی بەزووترین کات بگەنە ڕێککەوتن و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، چونکە ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی بۆ هەمووان هەیە، لەکاتێکدا ڕاگیرانی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، %0.5 نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا لە 25ـی ئاداری 2023وە ڕاگیراوە.

ئەم ڕاگیرانەش زیانی بۆ هەمووان هەبووە، بەجۆرێک تاوەکو ئێستە زیاتر لە 17 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە.

بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا، عێراق ڕۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدرێت.

زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکور ڕاوەستاوە، %60 داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کەمیکردوو، ئابووری هەرێمی کوردستانیش خنکێنراوە، ڕاگیرانی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان، بازاڕی وزەی جیهانی ناهاوسنگ کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کارمەندەکانی خۆیان کەمکردوونەتەوە، بەوەش هەلی کار کەمبووەتەوە. بەهۆی ئەوەش زیاتر لە ساڵێکە عێراق ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەرنەبڕیوە، ناوبانگی وڵاتەکە لەکەدار بووە

ھەواڵی زیاتر