سوود و زیانەکانی سیستمی ئابووریی تێكەڵاو

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

سیستەمی ئابووری تێکەڵاو سیستمێکی ئابوورییە، بریتییە لە یەکگرتنی هەردوو سیستمی سەرمایەداری و سۆسیالیزم، سیستمی ئابووری تێکەڵاو موڵکی تایبەت دەپارێزێت و ڕێگە بە ئاستێک لە ئازادی ئابووری دەدات لە بەکارهێنانی سەرمایە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە بە حکوومەتەکان دەدات کە دەستێوەردان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.

د. ئازاد ڕەحیم پسپۆری ئابووری، دەربارەی تێگەیشتن لە سیستمی ئابووریی تێکەڵاو دەڵێ: زۆربەی ئابوورییە مۆدێرنەکان تایبەتمەندی دوو سیستمی ئابووری یان زیاتریان تێدایە، کەرتی گشتی شانبەشانی کەرتی تایبەت کاردەکات، بەڵام لەوانەیە کێبرکێ لەسەر هەمان سەرچاوە سنووردارەکان بکەن. سیستمی ئابووریی تێکەڵاو ڕێگری لە کەرتی تایبەت لە قازانجکردندا ناکات، بەڵکوو بازرگانی ڕێکدەخات و پیشەسازییەکی گشتی ئەنجام بدەن و کاڵایەکی گشتی بخەنە بازاڕەوە. بۆ نموونە ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێکەڵاوە، خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زۆربەی لە دەستی تایبەتدایە، بەڵام یارمەتیدان بۆ کشتوکاڵ، ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، خاوەندارێتی گشتی بەشێک یان تەواوی هەندێک لە پیشەسازییەکانی وەکوو گەیاندنی نامە و بەرگری نیشتیمانی لە دەستی گشتیدایە.
د. ئازاد ڕەحیم باس لە جیاوازی سیستمی ئابووریی تێکەڵاو و بازاڕی ئازاد دەکات و دەڵێ: بازاڕی ئازاد سیستمێکی بێ دەستێوەردانە، بەڵام سیستمی ئابووریی تێکەڵاو سیستمێکی بێ دەستێوەردان نییە، چوونکە حکوومەت بەشدارە لە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی هەندێک سەرچاوە و دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بازرگانی کەرتی تایبەت بکات. لەوانەیە حکوومەتەکان هەوڵی دابەشکردنەوەی سامان بدەن بە دانانی باج لەسەر کەرتی تایبەت و بەکارهێنانی باجەکان بۆ پێشخستنی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان. پاراستنی بازرگانی، یارمەتی دارایی، قەرزی باجی دەرفەتی کار، هاندانی دارایی و هاوبەشی گشتی و تایبەت واتە ڕێکخستنێکی درێژخایەن لەنێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت دەدات.
دەشڵێت: جیاوازی ئابووریی تێکەڵاو و سۆسیالیزم ئەوەیە کە لایەنگرانی سۆسیالیزم پێیان وایە پلاندانانی ناوەندی دەتوانێت کاڵای نزیاتر بۆ ژمارەیەکی زیاتری خەڵک دابین بکات. سۆسیالیزم زیاتر بە نیشتیمانیکردنی هەموو پیشەسازیی، دەستبەسەرداگرتنی خاوەندارێتی تایبەتی، وەکوو کاڵای کۆتایی و زەوی و سەرچاوە سرووشتییەکان دەکات، بەڵام ئابوورییە تێکەڵاوەکان بە دەگمەن دەچنە ئەم تووندڕەوییەوە. خەسڵەتەکانی سیستمی ئابووری تێکەڵاو وەکوو بوونی کەرتی گشتی شان بە شانی کەرتی تایبەت. بوونی پلاندانان یان ئاڕاستەکردنی لەلایەن میرییەوە. ڕۆڵی دەوڵەت لە چاودێریکردنی کەرتی تایبەت. دڵنیایی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی کار و کرێکاران دژ بە بێکاری. دانانی سنوورێک بۆ قۆرخکاری.
د. ئازاد ڕەحیم باس لە تایبەتمەندییەکانی ئابووری تێکەڵاو دەکات و دەڵێ: ئابوورییەکی تێکەڵاو بە شێوەیەکی گشتی تایبەتمەندییەکانی ئابوورییەکی بنەمادار بە بازاڕ و هەروەها کەرتی گشتییەوە تێکەڵ دەکات. زۆربەی نرخەکان بە پێی خواست و خستنەڕوو دیاریدەکرێن. نموونەی باوی سیاسەتی ئابووریی تێکەڵاو بریتین لە، بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، لە زۆربەی ئابوورییە تێکەڵاوەکاندا کۆمەکی ئەو کەسانە دەکەن کە لە هێڵی هەژاری یان نزیک هێڵی هەژاریدان، وەکوو یارمەتی کاتی بۆ خێزانە كه م درامه ته كان، یارمەتی خۆراکی و یارمەتی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەم دەرامەت و چەندانی تر. کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان، نرخەکان بە گشتی لە ئابووری تێکەڵاودا لەلایەن هێزی بازاڕەوە دیاری دەکرێن، بەڵام ڕەنگە حکوومەت دەستێوەردان بکات بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان بۆ هەندێک کاڵا بۆ ئاستێکی دیاریکراو. بۆ نموونە زۆربەی ئابوورییە تێکەڵاوەکان یاسای کەمترین مووچەیان هەیە، بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی هێزی کار. ڕێکخستنی بەهێزی بازرگانی، لەکاتێکدا زۆربەی چالاکییە بازرگانییەکان لەلایەن بازاڕی ئازادەوە ڕێبەری دەکرێن، حکوومەت لەوانەیە ڕێکخستنەکان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی خەڵک لە بەرهەمە مەترسیدارەکان، پیسبوون یان کارە بازرگانییە قۆرخکارییەکان. زۆرێک لە ئابوورییە تێکەڵاوەکان یاسای دژەپاوان و دژە قۆرخکردن بەکاردەهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی بازاڕ لە کێبرکێدا دەمێنێتەوە.
د. ئازاد ڕەحیم باس لە سوودەکانی سوودەکانی ئابووریی تێکەڵاو دەکات و دەڵێ: ئابووریی تێکەڵاو چەندین سوودی هەیە، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی هاوسەنگی ئابووری، بریتین لە، هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەتوانن بە یەکسانی بەشداربن، ئابووری تێکەڵاو بژاردەیەکی باشتر پێشکەش دەکات نەک تەنیا بۆ گەشەی بازرگانی تایبەت، بەڵکوو کەرتە گشتییەکانیش بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن. کەرتە گشتییەکانی وەک وزەی ئەتۆمی، پەیوەندیکردن و بەرگری و زۆری تر بە تەواوی لەلایەن حکوومەتەوە بەڕێوەدەبرێن، کەرتی تایبەت بە تەنیا کارەکانیان بەڕێوەدەبەن بەبێ هیچ دەستوەردانێکی حکوومەت. حکوومەت لە هەندێک باردا ئاسانکاریان بۆ دەکات بە مەبەستی دروستبوونی ئابوورییەکی بەهێز. دەسەڵاتی بەکارهێنەر دەپارێزێت، بەکارهێنەر دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە ئازادی هەر کاڵایەک یان بەرهەمێک بە ئارەزووی خۆی و پێویستی خۆی بکڕێت. ئەم کاڵایانەش تەنیا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێن بەپێی پێویستی بەکارهێنەران. هاندان بۆ داهێنان و شێوازی بەرهەمهێنان، داهێنانی زیاتر و بەرهەمی کاراتر لە بازاڕی ئازاددا بەرهەم دەهێنرێت، لە ئەنجامدا بەکاربەر باشترین بەرهەم بەدەست دەهێنێت.

ھەواڵی زیاتر