پێچەوانەی ویستی حکوومەتی عێراق دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک ڕادەستی پۆلیس نەکراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەپێی کارنامەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبووایە سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لەناو شار بکشێنەوە و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی شارەکە بکەن، بەڵام لە کەرکووک تا ئێستا دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەستی سوپادایە، بەرپرسانیش، دەڵێن، ئەمساڵیش دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک نادرێتەوە بە پۆلیس. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕاگەیاند، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا لە کەرکووک ھەن پەیوەندییان بە یەکەوە ھەیە.

ئەو لیژنەی لە وەزارەتی ناوخۆ پێکھێنراوە بۆ ھەڵسەنگاندنی توانای لۆجیستی پۆلیسی کەرکووک چەند جارێک ھاتوونەتە شارەکە و لەگەڵ فەرماندەکانی پۆلیس کۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری وەرگرتنی دۆسیەکە بە پۆلیس نەدراوە، ھاووڵاتییانیش، مانەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکووک لای سوپای عێراق بە مەترسی بۆ سەر داھاتووی شارەکە دەزانن.
سەرەڕای بوونی چەندین ھێزی سەربازی جۆراوجۆر لە شاری کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە چەندین کیلۆمەتر لە بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری ئەو شارە پڕبکرێتەوە ئەمەش بووەتە یەکێک لە بیانووەکانی ڕادەست نەکردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک بە پۆلیسی خۆجێیی.
لە ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە سوپای عێراق بەناوی پرۆسەی سەپاندنی یاسا چووە کەرکووک و لەو کاتەوە لەو پارێزگایە دۆسیەی ئەمنییان لە ئەستۆدایە و چەند جارێک پێکھاتەکان و لایەنە کوردستانییەکان نیگەرانییان لەو بارەیەوە نیشانداوە، چەند جارێکیش گرژی لەنێوان سوپا و گەنجانی کورد ڕوویداوە، ھاووڵاتییانی دانیشتووی شارەکە، بوونی ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپا لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکاندا، بە دیاردەیەکی ناشارستانی وەسف دەکەن و دەڵێن: پێویستە بەزووترین کات کۆتایی بەو دۆخە بھێندرێت.
ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر خەڵکی کەرکووک، پێویستییان بە پاڵپشتی و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی سەپێنراو و گەمارۆی سەربازی و سیاسەتی تەعریب و فەرامۆشکردنی کورد، چونکە لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا جگە لە تەعریب، کورد زیاتر لە سەد و پەنجا پۆستی ئەمنی و ئیداری لە دەست داوە.
عەقید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو پۆلیس دۆسیەی شەش پارێزگای وەرگرتەوە، ئەمساڵیش دۆسیەی پێنج پارێزگای دیکە وەردەگرێت، بەڵام دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی کەرکووک، بەغدا، بەسرە و میسان بۆ ساڵی داھاتوو دواخراوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: ئەمساڵ بڕیارێک ھەبوو وەکو کۆمەڵێک پارێزگای دیکەی عێراق دۆسیەی ئەمنی شاری کەرکووک بدرێتەوە پۆلیسی خۆجێیی، بەڵام دیارە بۆ ساڵی داھاتوو دواخراوە، ئۆمێدەوارین لە داھاتوودا بابەتە ئەمنییەکان بدرێنەوە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی شار دووربێت لە عەسکەرتاریەت، چونکە لە ھەموو شوێنێک سوپا ئەمنیەتی دەوروبەری شار دەپارێزێت نەک ناو شار، بەڵام ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا لە کەرکووک ھەن پەیوەندییان بە یەکەوە ھەیە.

ھەواڵی زیاتر